هەر وڵات و ناوچەیەک بە جەنگدا تێپەڕێت، کەرتی تەندروستییەکەشی تووشی سەختی و داڕمان دەبێتەوە، بەجۆرێک پاش جەنگ، پێویستی بە بنیادنانەوە دەبێت، لە رووی ئەندازیاری و لە رووی توانای مرۆییشەوە، چونکە زۆرجار سیستمە تەندروستییەکان پەیوەندیی راستەوخۆیان لەگەڵ دەسەڵاتی ناوچەکەدا هەیە، بۆیە لە ئەگەری گۆڕینی دەسەڵاتدا، دانانەوەی ئەم بناغەیە ئاڵۆزتر دەبێت. کاتێک باسی نەخۆشییە دەروونییەکان و دەرووندروستییش دەکەین، بێگومان ئاڵۆزترە، چونکە ئەو کەسانەی بە جەنگدا تێدەپەڕن، ئەگەری توشبوونیان بە هەندێک لە نەخۆشییە دەروونییەکان زیاترە و پێویستییان بە چارەسەر زیاترە.
د. ئارام حەسەن، کە خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە، لە شاری حەسەکە لەدایکبووە و ئێستا لە شاری ئەبو زەبی دادەنیشێت، پزیشکی دەروونییە و چارەسەرکاری دەروونیی تایبەتمەندە لە چارەسەری زەبری دەروونیدا، ماوەی چەند ساڵێک بە ئۆنلاین وانەی پزیشکیی دەروونی بە خوێندکارانی کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی رۆژاڤا گوتووەتەوە، سەبارەت بە دۆخی پزیشکیی دەروونی و دەرووندروستی لە رۆژئاوای کوردستان بە کەناڵ8ی گوت: "ئەوەندەی من ئاگادارم هیچ سەنتەر و نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە نەخۆشییە دەروونییەکان نییە لە رۆژاڤا. کەمیی ستافی تەندروستیی تایبەت بە نەخۆشییە دەروونییەکان، چارەسەرکاری دەروونی و دەرمانی دەروونی بە روونی دیارە. وەکو بزانم لە رۆژئاوای کوردستان، بە هەموو ناوچەکانەوە، تەنها 5-6 پزیشکی دەروونی کاردەکەن."
د. ئارام لە درێژەی قسەکانیدا، سەبارەت بە هۆکاری کەمی ستاف و پزیشکی دەروونی، بە کەناڵ8ی گوت: "جەنگ هۆکاری سەرەکییە. بە هۆی جەنگەوە، چەندین پزیشک و چارەسەرکاری دەروونی رۆژئاوایان بەرەو هەرێمی کوردستان، تورکیا و وڵاتانی ئەوروپا بەجێهێشت. ئەوەی کێشەکەی ئاڵۆزتر کرد، ئاوارەبوون و کێشە ناوخۆییەکان بوون، کە پەستانی سەر پزیشکان و کاربەدەستانیان زیاترکردبوو."
لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەی کەناڵ8دا سەبارەت بەوەی ئایا هیچ هەوڵێک دراوە بۆ راهێنان یان راکێشانی سەرنجی پیشەگەرانی دەرووندروستی بۆ رووکردنە ناوچەکە، پزیشکە پسپۆڕەکە گوتی: "بەداخەوە، نەخێر. لە رابردوودا من و هاوکارەکانم لە ئەکادیمیای کۆتیم و رێکخراوی پزیشکانی دەروونی بێسنوور چەند خولێکمان کردەوە، بەڵام لە کاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا، کارەکانمان راگرت."
یەکێکی دیکە لە کێشەکانی پزیشکیی دەروونی و چارەسەری دەروونی لە رۆژئاوای کوردستان، کەمی دەرمانە، د. ئارام لەمبارەیەوە گوتی: "بەردەوام کێشەی کەمی دەرمان هەیە، بەتایبەت دەرمانی تایبەت بە نەخۆشییە دەروونییەکان. ئەگەر هەشبن، هەبوونەکەی جێگیر نییە، چونکە دەرمان لە سووریاوە دێت و بەردەستبوونی پەیوەستە بە دۆخی سیاسی و ئابوورییەوە."
د. ئارام، کە لە زانکۆی رۆژاڤا وانەی بە خوێندکارانی کۆلێژی پزیشکی گوتووەتەوە، دەڵێت: "چەندین ساڵ لە زانکۆی رۆژاڤا وانەم گوتووەتەوە. گەورەترین ئاڵنگاری لە کارەکەمدا وەکو مامۆستای زانکۆ، گرفتی ئینتەرنێت و پەیوەندیکردن بوو, چونکە وانەکان ئۆنلاین بوون. هاوکات، خوێندکارەکانیش شوێنێکیان نەبوو بە شێوەی کرداری پسپۆڕییە جیاوازەکانی تێدا بخوێنن، بەتایبەت پسپۆڕیی نەخۆشییە دەروونییەکان. گرفتێکی دیکەش، کە بە بۆچوونی من گەورەترین گرفتە، نەبوونی ناوەندی چارەسەر، چارەسەری بەردەوام و بەدواداچوونی دۆخی نەخۆشەکانە بە شێوەیەکی بەردەوام، هەروەها نەبوونی زانیاری و هۆشیاریی دەرووندروستیی تایبەتە بە زەبری دەروونی، کە بابەتێکی ئێجگار گرنگە، لە کاتێکدا بەکارهێنانی دەرمانی نایاسایی و ئالوودەبوون زیادیکردووە، ئەمەش مەترسیی گرفتە دەروونییەکان زیاتر دەکات."
هەر سەبارەت بە دۆخی دەرووندروستی، بۆ بەراوردکردن و وەرگرتنی وێنەیەکی روونتر سەبارەت بەو دۆخەی لە رۆژئاوای کوردستان هەیە، کەناڵ8 پەیوەندیی کرد بە د. رێدار، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان و سەرۆکی کۆمەڵەی پزیشکانی دەروونیی کوردستان، بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بە دۆخی دەرووندروستی و پزیشکیی دەروونی لە هەرێمی کوردستان.
سەبارەت بە دۆخی پزیشکیی دەروونی و هۆشیاری هاونیشتمانییان سەبارەت بە نەخۆشییە دەروونییەکان، د. رێدار بە کەناڵ8ی گوت: "ئەگەر باس لە هۆشیار خەڵک بکەین لە لایەک و باس لە خزمەتگوزارییە دەروونییەکان بکەین لەلایەکی دیکە، دەتوانین بڵێین خۆشبەختانە هۆشیاری و ئاگایی خەڵک سەبارەت بە نەخۆشییە دەروونییەکان زیاتربووە و ساڵ دوای ساڵ خەڵک زیاتر لە نەخۆشیی دەروونی تێدەگات. جاران، تەنیا بەو کەسانە دەگوترا نەخۆشی دەروونی کە لە حاڵەتی زۆر خراپدا بوون، هۆشیان لای خۆیان نەبوو و توانای بڕیاردانیان نەبوو و تەنانەت دەستەواژەی 'شێت'یان بۆ بەکاردەهێنان. ئێستا خەڵک رۆشنبیریی زیاترە و زیاتر نەخۆشییە دەروونییەکان قبوڵدەکات، هەر بۆیە گەنجان زیاتر سەردانی نۆرینگە دەروونییەکان دەکەن، تەنانەت هەندێجار تەنیا بۆ راوێژکردن سەردان دەکەن."
سەبارەت بە خزمەتگوزارییە دەروونییەکان، سەرۆکی کۆمەڵەکە بە کەناڵ8ی گوت: "ئەمەیان خۆی لە دوو بەشدا دەبینێتەوە، توانای مرۆیی کە پزیشکی دەروونی، دەروونناس و کۆمەڵناس دەگرێتەوە و بوونی شوێن و سەنتەر و نەخۆشخانەی تایبەت بە چارەسەری نەخۆشییە دەروونییەکان، من دووبارە دەڵێم خۆشبەختانە، چونکە ساڵ دوای ساڵ ئەوانەی دێنە بواری دەروونییەوە، لە پزیشک و دەروونناس، زیاتر دەبن، بەڵام بەداخەوە سەبارەت بە بوونی شوێن و سەنتەر، کەموکوڕیی زۆرمان هەیە. بەراورد بە زیادبوونی خێرای رێژەی دانیشتووان، شوێنەکان وەکو پێویست نین و ئەوانەش کە هەن ناتوانن وەکو پێویست خزمەتگوزاری پێشکەشبکەن."
سەبارەت بە ژمارەی پزیشکانی دەروونی لە هەرێمی کوردستان، بەراورد بە رۆژئاوای کوردستان ژمارەکە زیاترە، بەڵام بەراورد بە ستانداردە جیهانییەکان، ژمارەکە هێشتا زۆر کەمە، سەبارەت بەم پرسە، پزیشکە پسپۆڕەکە گوتی: "تاوەکو کاتی ئەم چاوپێکەوتنە، ژمارەی پزیشکانی دەروونی بەراورد بە ژمارەی دانیشتووان ئێجگار کەمە و ئەمەش بۆ هەموو شارەکانی هەرێمی کوردستان راستە. ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە کە تەنیا شارە گەورەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک پزیشکی دەروونییان تێدایە، یەک پزیشک لە هەڵەبجە و یەک پزیشکیش لە دەڤەری راپەڕین هەن، بەڵام تاوەکو ئێستا ناوچەیەکی بەرفراوانی وەکو حەوزەی سۆران، پزیشکی دەروونیی لێنییە. بە گوێرەی ستانداردە جیهانییەکان، دەبێت بۆ هەر 10 هەزار کەسێک پزیشکێکی دەروونی هەبێت، بەڵام ئەوەی ئێمە زۆر لەو ژمارەیە کەمترە. بۆ نموونە پارێزگایەکی وەکو هەولێر، بەو کەسانەوە کە ئاوارەبوون و لە ناوچەکانی دیکەی عێراق و وڵاتانی دراوسێوە هاتوونەتە ئێرە، نزیکەی دوو ملیۆن کەسی تێدا دەژی، بەڵام تەنیا 28 پزیشکی دەروونیمان هەن. لە سلێمانی و دهۆکیش، ژمارەکە بەراورد بە دانیشتووان ئێجگار کەمە."
لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەی کەناڵ8دا سەبارەت بە بەردەستبوونی دەرمانی چارەسەری نەخۆشییە دەروونییەکان لە هەرێمی کوردستان، د. رێدار گوتی: "بەداخەوە نەک دەرمان، بگرە ئامێرەکانی وەکو تی ئێم ئێس و ئی سی تییش وەکو پێویست نین. جگە لە جۆری دەرمان، بڕی دەرمانیش کەمە و لە ئاست خواستی نەخۆشدا نییە."
د. رێدار محەمەد ئەمین گوتیشی: "بەداخەوە ئاستەنگەکانی بەردەم دەرووندروستی لە هەرێمی کوردستان زۆرن، لەوانە کەمی کارمەندی دەرووندروستی، کە ئەرکی حکومەتە هاندانی دارایی بۆ ئەو کەسانە دابینبکات کە دێنە ئەم بەشە. ئاستەنگێکی دیکە، کەمی نەخۆشخانە و بودجەی خزمەتگوزاری دەروونییە. ئەو نەخۆشخانانەش کە هەن، لە ئاست ستانداردەکاندا نین. هاوکات کەسانی دیکە دەستوەردان دەکەن لە چارەسەری نەخۆشیی دەروونیدا، کە کاری ئەوان نییە."
سەبارەت بە خوێندنی باڵا و گرنگیدان بە خوێندنی پزیشکیی دەروونی لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، د. رێدار گوتی: "بەداخەوە ئەوەی دەیبینین لە پرۆگرامی خوێندنی زانکۆدا کەمترین بایەخ بە خوێندنی دەروونی دراوە، دەرچووانی کۆلێژ کەمترین شارەزایی و زانیارییان هەیە، ئەوەش خاڵێکی لاوازی پرۆگرامی خوێندنەکەیە. لە رووی وانەوتنەوەوە، پێموایە لە هەموو شارەکاندا مامۆستای زۆر باشمان هەن، بەڵام زۆری ژمارەی خوێندکار و کەمی کات و کەمی هۆڵ و نەبوونی نەخۆش و نەخۆشخانە، هۆکارن بۆ ئەوەی بڵێین کەموکوڕی هەیە."