رۆژی 18ی تشرینی دوومەی 2024، کۆمپانیای هواوی چینی لە هەژماری فەرمی خۆی لە ویچات بڵاویکردەوە، دەستیکردووە بە وەرگرتنی داواکاری پێشوەختە بۆ مۆبایلە زیرەکە نوێیەکەی بە ناوی مەیت 70.
هەرچەندە تاوەکو ئێستا نرخەکان ئاشکرا نەکراون، بەڵام داواکاری پێشوەختە لە فرۆشگای ئۆنلاینی هواوی بۆ مەیت 70 و دوو وەشانی دیکەی پڕۆ دەستیپێکردووە، کریاران پێویست ناکات هیج پارەیەکی پێشەکی بدەن.
هەروەها کۆمپانیاکە ئاشکرایکردووە لە 26ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، لە بۆنەیەکی تایبەتدا زنجیرەی نوێی مۆبایلەکانی رادەگەیەنێت.
ساڵی رابردوو، هواوی بە راگەیاندنی زنجیرەی مەیت 60 کە چیپی پێشکەوتووی ناوخۆی چینی لەسەر جێگیرکرابوو، سەرنجی جیهانی بۆخۆی راکێشا و وەک دەستکەوتێکی گەورە و سەرکەوتن بەسەر سزاکانی ئەمریکادا لە سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتنی کۆمپانیاکە بە چیپی پێشکەوتوو سەیردەکرا.
خستنەبازاڕی مەیت 70، هەنگاوێکی دیکەیە لە هەوڵەکانی هواوی، بۆ تێپەڕاندنی ئەم سنووردارکردنانە و بەردەوامبوونی کێبڕکێکردن لە بازاڕی مۆبایلە زیرەکەکانی جیهانیدا.