توێژەرانی زانکۆی سەنگافورە، بە یارمەتی زانکۆی چینخوای چینیی توانیویانە، جۆرێکی نوێ لە هەستەوەر دروستبکەن و لە پشتێنی سەلامەتیدا جێگیریبکەن، دەتوانێت بەشێوەیەکی ورد نیشانەکانی لێدانی دڵ و هەناسەدان بپێوێت، بەبێ ئەوەی پێویستی بەوەبێت راستەوخۆ بەر جەستەی کەسەکە بکەوێت.
هەستەوەرەکە تایبەت بە ژینگە جوڵاوەکان دروستکراوە، وەک ئۆتۆمبێل، پاس یاخود فڕۆکەکان و جیاواز لە هەستەوەرە تەقلیدییەکان، لەرزین و جوڵە کاریان تێناکات، دەتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ چاودێریکردنی تەندروستی شۆفێران، وریایی و ئاستی فشار و دڵەڕاوکێیان، ئەمەش دەتوانێت سەلامەتی شۆفێر و سەرنشین باشتر بکات بە رێگریکردن لە رووداوە نەخوازراوەکان.
داهێنانەکە بە بەکارهێنانی ماددە تایبەتەکانی وەک میتاماتریاڵ دروستکراوە، کە یارمەتی گەورەکردنی سیگناڵە وایەرلێسەکان دەدەدات، لەناو پشتێنی سەلامەتیدا جێگیردەکرێت، پسپۆڕانی دوو زانکۆکە لە پلانیاندایە هەستەوەرەکە بچووکتربکەنەوە و بە نرخێکی هەرزانتر و بە شێوەیەکی بەرفراوان دەست بە فرۆشتنی بکەن.