شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە یاوەریی فراکسیۆنە کوردستانییەکان، لەگەڵ دادوەر جاسم محەمەد عەبود، سەرۆکی دادگایی فیدراڵی کۆبووەوە و تاوتوێی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیان کرد و سەرۆکى دادگاى فیدراڵى داواى کۆبوونەوەیەکى باڵاى لایەنەکانى کردووە.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکى شاخەوان عەبدوڵا، لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لەکێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمى کوردستان کردووە، بەتایبەت کە دوو مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە بەبیانووی جۆراوجۆر لەلایەن وەزیری دارایی عێراقەوە نانێردرێت، کە ئەوەش پێچەوانەی بڕیاری دادگای فیدراڵییە.
وەک لە راگەیەندراوەکەی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانى عێراقدا هاتووە، سەرۆکی دادگای فیدراڵی دووپاتیکردووەتەوە، بەگوێرەى ناوەڕۆکی بڕیاری دادگا، نابێت دەست بۆ مووچەی فەرمانبەران ببرێت، باسی لەوەشکردووە، کۆبوونەوەیەک رێکدەخەن تایبەت بەو پرسە و دەبێت کۆتایی بەو بابەتە بێت و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمى کوردستان چارەسەر بکرێت و مانگانە لەگەڵ فەرمانبەرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق بگاتە دەستیان.
لەکۆتایی راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە رێگرییەکانى گەیاندنی بەرووبوومی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاست کراوە، سەرۆکی دادگای فیدراڵی جەختیکردەوە، دەستوور رێگە بەو رێگرییە نادات و لە چەند رۆژی داهاتوودا رێکاری یاسایی بۆ چارەسەرکردنى دەگرنە بەر.
ئەوەش لە کاتێکدایە، مانگی تشرینی دووەم لە کۆتایی نزیکدەبێتەوە، هێشتا فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی تشرینی یەکەمیان وەرنەگرتووە.