دەرمانە بەناوبانگەکەی شەکرە دەتوانێت دژی شێرپەنجەی سییەکانیش کاربکات

گران جاف 28/11/2024
test

لە توێژینەوەیەکی نوێدا سوودێکی دیکەی مێتۆرمین دەرمانە بەناوبانگەکەی نەخۆشیی شەکرە دەرکەوت.

ئێستا لە جیهاندا ملیۆنان تووشبووی نەخۆشیی شەکرە دەرمانی مێتفۆرمین بەکاردەهێنن چونکە رۆڵی هەیە لە رێکخستنەوەی رێژەی شەکری خوێندا. بەم دوواییانە لە توێژینەویەکی نوێدا دەرکەوتووە کە ئەم دەرمانە دەکرێت لە چارەسەرکردنی شێرپەنجەی سییەکانیشدا بەکاربهێنرێت.

توێژەران دەڵێن مێتفۆرمین یارمەتیی زیادکردنی کاریگەرییەکانی ئەو دەرمانانە دەدات کە بۆ چارەسەرکردنی شێرپەنجەی سییەکان بەکاردەهێنرێن.

توێژینەوەکە لە گۆڤاری دامەزراوەی نیشتمانیی شێرپەنجەدا بڵاوکراوەتەوە و تیایدا 511 تووشبووی نەخۆشیی شێرپەنجەی سییەکان کە پێوانەی کێش بۆ باڵایان 25 زیاتربوو (واتە کێشزیاد یان قەڵەو بوون) لەگەڵ 232 تووشبوو کە پێوانەی کێش بۆ باڵایان لە 25 کەمتربوو (کێشیان زیاد نەبوو) بەشداربوون.

هەموویان جۆرێکی باوی شێرپەنجەکەیان هەبوو، هەروەها نەشتەرگەریی لابردنی گرێی سییەکانیشیان بۆ کرابوو.

لە ئەنجامەکاندا دەرکەوت کە ئەم دەرمانە یارمەتیی کەمکردنەوەی ماکەکانی قەڵەوی دەدات کە دەبنەهۆی لاوازبوونی سیستمی بەرگریی، هەربۆیە کاریگەرییە دژەشێرپەنجەییەکەی دەرمانەکە تەنیا لەو تووشبووانەدا بەدیکرا کە کێشیان زیادبوو یان قەڵەو بوون، ئەمەش وادەکات دەرمانە دژەشێرپەنجەییەکان لەم کەسانەدا باشتر دژی شێرپەنجەکە کاربکەن.

پسپۆڕان دەڵێن "مێتفۆرمین زیاتر لە 30 ساڵە بەکاردەهێنرێت و یەکێکە لە دەرمانە سەلامەتەکان، هەربۆیە ئەمە جێی دڵخۆشییە ئەگەر بتوانین دژی شێرپەنجەش بەکاریبهێنین"

شێرپەنجەی سییەکان یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی گیانلەدەستدان لە سەرانسەری جیهاندا. ساڵانە نزیکەی 235 هەزار کەس تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن و زیاتر لە 125 هەزار کەسیش بەهۆیەوە گیانلەدەستدەدەن.

28/11/2024