یانەی لازیۆ دەیەوێت هەنگاوێکی دیکە لە قۆناغی 16ی یۆرۆپالیگ نزیکببێتەوە، کاتێک لە یاریگەی ئۆڵێمپیکۆ لە پایتەختی ئیتاڵیا میوانداریی یانەی لودوگۆریس رازگرادی بولگاری دەکات.
هەڵۆکانی لازیۆ لەم وەرزەدا وەک بەهێزترینی خولی ئەوروپا دەرکەوتوون و لەکۆی چوار یاریدا چوار سەرکەوتنی هەیە و بە 12 خاڵەوە پێشەنگی سەرجەم یانەکانی خولەکەیە، کێشەش لە پێکهاتەکەی مارکۆ بارۆنیدا نییە، بەڵکو کێشەکە لە لودوگۆریسە، کە خراپترین ئاستی هەیە و لەکۆی 36 یانەی خولەکە ئەم یانەیە 34مینە.
لازیۆ بەباشترین باوردۆخەکانیدا دەڕوات، لەدوایین 12 یاریدا 11 سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، بەڵام ئەمشەو بەهۆی پێکانەوە لەتواناکانی رۆمانیۆلی، ماتیا زاکانی و نونۆ تاڤارێسەوە یاریبکەن.
یانە شینەکەی رۆما سێ وەرزە ناگاتە قۆناغە یەکلاکەرەوەکانی یۆرۆپالیگ، بەڵام ئەمجارە لەبەردەم مێژووییەکی گەورەدایە، لەگەڵ ئەوەی بە سەرکەوتن لەو قۆناغە نزیکدەبنەوە، بۆ یەکەمجاریش دەبێت پێنج سەرکەوتنی لەسەریەک لەم خولەدا بەدەستبهێنن.
لازیۆ و لودۆگۆریس، دووجار لەیاریی چوون و گەڕانەوە لە ساڵی 2014 رووبەڕوودووبەنەتەوە، بەکۆئەنجامی هەردوو یارییەکەش، یانەکەی بولگاریا سەرکەوتووە، بۆیە ئەمشەو دەرفەتێکی باش لەبەردەم لازیۆدایە تۆڵەی ئەو ئەنجامە بکاتەوە.
لودۆگۆریس لەم وەرزەی یۆرۆپالیگ بەپێچەوانەی لازیۆیە، هیچ سەرکەوتنێکی نییە و تەنیا یەک خاڵی کۆکردووەتەوە، تەنانەت لە دوایین 24 یارییاندا لەدەرەوەی یاریگەی خۆیان لە یورۆپالیگ، تەنیا دوو سەرکەوتنیان هەبووە و لە یارییەکەی ئەمشەویشدا هیچ پاڵنەرێکیان نییە بۆسەرکەوتن بەسەر لازیۆ، کە خاوەنی هەموو شتێکە و توانای ئەوەشی هەیە زیانی قورسیان پێبگەیەنێت.