بۆ رێگرى لە کۆچى نایاسایى عێراق و بەریتانیا رێککەوتنێکیان واژۆکرد

test
ژمارەیەک کۆچبەر لە کەناڵی ئینگلیز

عێراق و بەریتانیا رێککەوتنێکی ئەمنییان بۆ رووبەڕووبوونەوەی قاچاخچێتی، کۆچی نایاسایی، تاوانە رێکخراوەکان و بازرگانیی ماددە هۆشبەرەکان واژۆکرد، بە گوێرەی رێککەوتنەکە بەریتانیا بەبڕی 800 هەزار پاوەن هاوکاریی عێراق دەکات.

پێگەی فەرمیی حکومەتی بەریتانیا، ناوەڕۆکی یەکەمین رێککەوتنی ئەمنی لەنێوان عێراق و بەریتانیا بڵاوکردەوە، کە بە سەرپەرشتی ئیڤێت کووپەر، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا لە میانی سەردانەکەیدا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە.

بەگوێرەى رێککەوتنەکە، 800 هەزار پاوەندەکە، بەمەبەستی راهێنان و توندوتۆڵکردنی سنوورەکان و رووبەڕووبوونەوەی تاوانە رێکخراوەکان خەرجدەکرێت.

کووپەر سەردانێکی سێ رۆژەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجامدا، بەمەبەستی واژۆکردنی زنجیرەیەک رێککەوتن بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە هاوبەشەکان و بەرزکردنەوەی ئاسایشی هەردوو وڵات.

بەگوێرەی رێککەوتنەکە، بەریتانیا پابەند دەبێت بەدابینکردنی 300 هەزار پاوەن بۆ راهێنان لەسەر جێبەجێکردنی یاسا و پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان، کە راهێنانەکان پەیوەندییان بە رووبەڕووبوونەوەی تاوانی قاچاخچێتی بە مرۆڤ، تاوانی رێکخراو، ماددە هۆشبەرەکان و زیادکردنی توانای جێبەجێکردنی یاسا عێراقییەکانەوە هەیە لە سنوورەکاندا.

جگە لەوەش 200 هەزار پاوەن دابیندەکرێت بۆ عێراق، بەمەبەستی توندوتۆڵکردنی ئاسایشی سنوورەکان، هاوکات 300 هەزار پاوەنی دیکەش بە مەبەستی پشتگیری لە بەرەنگاربوونەوەی تاوانە فراوانەکان، لەوانە تاوانی قاچاخچێتی و بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکانەوە.

یەکێکی دیکەش لە رێککەوتنەکان بەمەبەستی گەڕانەوەی ئەو پەنابەرە عێراقییانەیە کە مافی پەنابەرییان نییە لە بەریتانیا، ئەوەش لە رێگەی رێکخستنی بەرنامەی گەڕانەوە و هاوکاریکردنی پەنابەرە گەڕاوەکانەوە.

هاوکات، کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی، حکومەتی عێراق هاوکار بووە لە بەئەنجام گەیاندنی رێککەوتنەکەدا و ئەوانیش بۆ بنبڕکردنی کۆچبەری نایاسایی لە رووی داراییەوە هاوکاریی عێراق دەکەن.

سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ئامارێکی نوێی کۆچبەریی خستەڕوو و بەگوێرەى ئامارەکە، لەساڵی 2023ـدا 906 هەزار کۆچبەر روویان لەو وڵاتە کردووە.

loading....