محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆڕبەندی عێراقی - ئیسپانی لە مەدرید رایگەیاند، لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا بڕی 100 ملیار دۆلار بۆ وەبەرهێنان تەرخانکراوە و قەبارەی وەبەرهێنانی بیانیش لە عێراقدا گەیشتووەتە 62 ملیار دۆلار.
نووسینگەی راگەیاندنی سودانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە میانی ئامادەبوونی لە کۆڕبەندی ئابووریی ئیسپانی- عێراقی لە مەدریدی پایتەختی ئەو وڵاتە رایگەیاند، ئامادەبوونی شاندی باڵای عێراق لەم کۆڕبەندە پەیامێکە بۆ سووربوونی عێراق بۆ گەشەپێدان و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسپانیا، جگە لەوەش عێراق خواستی هەیە بۆ سوودوەرگرتن لە پسپۆڕی و شارەزایی کۆمپانیا ئیسپانییەکان.
وەک لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی پێکراوە، عێراق ژینگەیەکی ئارامی دەستبەرکردووە بۆ راکێشانی وەبەرهێنان، بەو هۆیەشەوە قەبارەی وەبەرهێنانی بیانی لە عێراقدا گەیشتووەتە 62 ملیار دۆلار.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، بەردەوامن لە پەرەپێدانی رێگای گەشەپێدان، بەوپێیەی کەمترین تێچوونی گواستنەوەی دەبێت لە نێوان خۆرهەڵات و خۆرئاوا لە داهاتوودا.
سودانی لە کۆڕبەندەکەدا رایگەیاندووە، لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا، بڕی بودجەی تەرخانکراو بۆ وەبەرهێنان لە ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانی ئابووری لە عێراق گەیشتووەتە 100 ملیار دۆلار، ئەوەش زەمینەسازییەکی گونجاوە بۆ بەشداریی کۆمپانیا ئیسپانییەکان.
سودانی روونیشیکردەوە، رێککەوتن کراوە لەسەر پرۆژەی هێڵی ئاسنی نێوان بەسرە و ئێران، کە لەلایەن کۆمپانیایەکی ئیسپانییەوە بە بودجەی 250 ملیۆن دۆلار جێبەجێدەکرێت.
ماوەی سێ رۆژە لەسەر داوای سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ئیسپانیایە، جگە لە وەزیرەکانی دەرەوە و ناوخۆ و بازرگانی و گواستنەوە و بریکارەکانی ژمارەیەک لە وەزارەت، ژمارەیەک لە خاوەنکار و سەرمایەگوزاری عێراقی لەگەڵ سودانیدان.