9ـى کانوونى یەکەم پشووى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق دەستپێدەکات

test
پەرلەمانى عێراق. فۆتۆ: AP

ئەندامێکى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق دەڵێت، ئەنجوومەن تەنیا هەفتەى داهاتووى لەبەردەمدا ماوەتەوە بۆ کۆبوونەوە، هەموارى یاساى بودجەى عێراقیش دەکەوێتە پاش پشووى ئەنجوومەنەکەوە.

کاروان یاروەیس، ئەندامى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بە کەناڵ8ـى راگەیاند "ئەنجوومەنى نوێنەران تەنیا هەفتەى داهاتووى لەبەردەمدا ماوە و پشووى ئەنجوومەنەکە لە 9ـى کانوونى یەکەم بۆ 9ـى کانوونى دووەم دەستپێدەکات، بۆیە قورسە بتوانرێت پرۆژە هەموارى بودجە لە ماددەى 12 کە تایبەتە بە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان، خوێندنەوەى دووەمى بۆ بکرێت و پەسەند بکرێت".

گوتیشى "شیعەکان دەڵێن هەموارى یاسای بارى کەسیی دەخەنە بەرنامەى کارەوە، کورد و سوننەش رازیی نەبوون و داواى خستنەبەرنامەى کارى پرۆژەیاساى گەڕانەوەى موڵک و ماڵ بۆ خاوەنەکانیان و هەڵوەشانەوەى بڕیارەکانى ئەنجوومەنى باڵاى شۆرشى حیزبی بەعس و هەموارى یاساى لێبوردنى گشتى تێدا بێت".

گوتیشى، هەموارى یاساى بودجە و بەتایبەت ماددەى 12 و هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە هەفتەى داهاتوو تێناپەڕێت، چونکە کات نەماوە.

گوتیشى "فشار لەلایەن ئەمریکا و وڵاتانى رۆژئاوا هەیە، هەرێمى کوردستان وعێراق لەسەر نەوت رێکبکەون، پێش سەری ساڵ و نایانەوێت نەوت بە قاچاغ و بەتانکەر بڕوات".

ئەمە لەکاتێکدایە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق وەرزى یاسادانانى لە 9ـى تشرینى دووەم بۆ 9ى کانوونى یەکەم درێژکردەوە، بەگوێرەى پەیڕەوى ناوخۆى ئەنجوومەنەکەش ناتوانرێت جارێکى دیکە وەرزى یاسادانان درێژ بکرێتەوە.

loading....