پێدانی کارەباى نیشتمانى بە هاوبەشان کەمبووەتەوە و بەڕێوەبەرایەتیى کارەباى سلێمانیش دەڵێت، "لەنێوان شەش بۆ هەشت کاتژمێر کارەبا دەدرێتە هاونیشتمانییان".
سیروان محەمەد، گوتەبێژى بەڕێوەبەرایەتیى کارەباى سلێمانى بۆ کەناڵ8 گوتى، "خواست لەسەر کارەباى نیشتمانى لەلایەن هاوبەشانى کارەبا زیادیکردووە و گەیشتووەتە دوو هەزار مێگاوات کارەبا، سلێمانى 28.7%ـی کارەباى هەرێمى کوردستانی هەیە بە 700 بۆ 750 مێگاوات".
گوتیشى، "چارەسەرکردنى زیادکردنى خواست بە زیادکردنى بەرهەمهێنانى کارەبا دەبێت ئەوەش لاى حکومەتى هەرێمى کوردستانە".
ئەمە لەکاتێکدایە، بەگوێرەى دوایین داتاى حکومەتى هەرێمى کوردستان، چوار هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنرێت.
هەرێمی کوردستان ژێرخانى کارەبای شەش هەزار و 700 مێگاوات کارەبایە و پێویستى بەدابینکردنى گازە، هەروەها پلان دانراوە تاوەکو کۆتایى ساڵى 2026، کارەباى نیشتمانى بکرێتە 24 کاتژمێر.