کورد واتەنی " ئهوهنده مهڵێ گوێت لێ نهگرن، ئهوهندهش گوێ ڕامهگره سهرت بێته ژان"..
فلۆرنتینۆ پێرێزی سەرۆکی ریال مەدریدیش لە کۆبوونەوەیەکدا کورت و پوخت بە کارلۆ ئەنچیلۆتی دەڵێت، تۆ لەم یانەیە بەردەوام دەبیت و ئەوپەری متمانەمان پێتە.
کارلۆ ئەنچیلۆتیش بەبێ ژانەسەر، دوای سوپاسکردنی سەرۆکی یانە، داوای گرێبەستێک دەکات و چارەسەرێکیش بۆ گەڕانەوەیان دەخاتە سەر مێزی گفتوگۆکردن، بەم جۆرە بەهەردووکیان هەموو ئەو زانیاریی و هەواڵانە پوچەڵ دەکەنەوە کە باس لە دوورخستنەوەی ئەنچلۆتی و هاتنی چابی ئەلۆنسۆ و سانتیاگۆ سۆلاری دەکەن.
رۆژنامەی مارکا جەخت لەوە دەکاتەوە، لەکۆبوونەوەکەدا پێرێز و ئەنچیلۆتی لەسەر ئەوە رێککەوتوون بەرگریکارێکی باڵی راست بۆ جێگەی کارڤاخال دابین بکەن، ئەو یاریزانەش کە هەردووکیان لەسەری کۆکبوون، ئەلێکساندەر ئاڕنۆڵدی بەرگریکاری لیڤەرپووڵە.
ریال مەدرید چیدیکە نایەوێت لەسەر پلانی بەکارهێنانی فیدی ڤاڵڤێردی لەباڵی راست بەردەوام بێت، چونکە ئەم پلانە گوڕوتینی یانەکە لەناوەندی یاریگە کەمکردووەتەوە و تایبەتمەندیی شووتلێدان و هێزی جەستەییان لەدەستداوە، هەروەها متمانەشیان بە ڤاسکێز نییە وەرزێکی تەواو ئەم ئەرکە بگرێتە ئەستۆ و تەنانەت یاریزانێکی لاوی یانەکەش شک نابەن لەگەڵ گەورەیی ناوی ریال مەدرید بڕوات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی مارکا، ئەنچیلۆتی پێیوایە گواستنەوەی ئاڕنۆڵد هەموو کێشە بەرگرییەکانیان چارەسەردەکات، تەنانەت پلانیشیان داڕشتووە بۆ ئەگەرەکانی نەهاتنی ئەم یاریزانە.
دوو ناوی دیکەشیان پێشنیازکردووە، کە پێکهاتوون لە جێریمی فریمپۆنگی ئەستێرەی بایەر لیڤەرکوزن و پیدرۆ پۆرۆی ئەستێرەی تۆتنهام.