ئەگەر دەتەوێت زۆر بژیت پیادەڕەویی گورجوگۆڵ بکە، توێژینەوەیەکی نوێ وادەڵێت

لەگەڵ پیادەڕەویدا دەستیشت بجووڵێنە
لەگەڵ پیادەڕەویدا دەستیشت بجووڵێنە

کەناڵ8 - سلێمانی

رۆژانە 15 خولەک پیادەڕەویی گورجوگۆڵ یارمەتیدەرێکی بەهێزی تەندروستیی گشتی و تەمەندرێژییە بۆ ئەو کەسانەی ناتوانن رێنوێنییە ستانداردەکەی وەرزش و چالاکیی جەستەیی پەیڕەوبکەن، ئەوە دەرەنجامی توێژینەوەیەکی نوێیە لە ئەمریکاوە.

رێنوێنییە ستانداردەکە بۆ هەمووان کردەیی نییە!

رێنوێنیی ستاندارد بۆ هەر کەسێکی ئاسایی ئەوەیە هەفتانە 150 خولەک وەرزشی مامناوەند  یان 75 خولەک وەرزشی توند بکات لەگەڵ هەفتانە دوو جار وەرزشی تایبەت بە بەهێزکردنی ماسولکە.

بەهۆی سەرقاڵیی مرۆڤی ئەمڕۆ و نەبوونی کاتی پێویست بۆ چوونە هۆڵەکانی وەرزش، توێژەرەکان بۆ رێگەیەکی وەرزش گەڕاون کە بۆ هەمووان هەم ئاسان و هەم سوودبەخش بێت.

توێژەرەکان چۆن رێگا ئاسانە نوێیەکەیان دیاریکرد؟

د. وی جانگ، بەڕێوەبەری سەنتەری تەندروستیی ڤاندەربیڵت و پرۆفیسۆر ئان پۆتەر لە سەنتەری پزیشکیی زانکۆی ڤاندەربیڵت لە ویلایەتی تێنیسسی ئەمریکا پشتیان بە داتا تەندروستییەکانی 85 هەزار کەسی هەژار و مامناوەند بەست کە لە رێگەی رووپێوییەکی وردەوە لێیان وەرگیراوە لە ماوەی 16 ساڵدا و شیکردنەوەی ئەم داتایانە لە ساڵی 2023وە دەستیپێکرد و کە گەیشوونەتە دەرەنجام، لە جۆرناڵی زانستیی پزیشکانی خۆپارێزیی ئەمریکا بڵاویانکردووەتەوە.

دەرەنجامی توێژینەوەکەیان چی بوو؟

تیمە توێژەرەکە بۆیان دەرکەوت ئەگەر هەموو رۆژێک 15 خولەک پیادەڕەویی گورجوگۆڵ بکەیت، ئەوە هەمان ئەو سوودانەت دەستدەکەوێت کە کەسێک دەستی دەکەوێت لە پەیڕەوکردنی رێنماییە ستانداردەکانی چالاکیی جەستەیی.

لە وردەکاریی دەرەنجامەکانی توێژینەوەکەدا هاتووە: ئەگەر کەسێک رۆژانە 15 خولەک پیادەڕەوییەکی گورجوگۆڵ بکات، ئەوە ئەگەری مردنی پێشوەختەی 20٪ کەمدەکات، بەڵام ئەگەر هەمان ئەو ماوەیە بە خاوی پیادەڕەوی بکات ئەوە تەنیا 4٪ ئەگەری مردنی پێشوەختەی کەمدەکات.

د. جانگ دەڵێت "من رژدم لەسەر ئەوەی وەرزش خاوبێت یان گورجوگۆڵانە سوودی هەر هەیە، ئەوەی ئێمە پێیگەیشتووین و نوێیە ئەوەیە پیادەڕەویی گورجوگۆڵ ئەگەر تەنیا بۆ 15 خولەکیش بێت سوودێکی ئێجگار زۆری هەیە لە پێشگیری لە مردنی پێشوەخت".

چۆن دیاری بکەم پیادەڕەوییەکەم گورجوگۆڵانەیە؟

دامەزراوەی تەندروستیی نیشتیمانیی بەریتانیا (NHS) دەڵێت ئەگەر خێرایی پیادەڕەوییەکەت وەهابوو توانیت قسە بکەیت بەڵام نەتتوانی گۆرانی بەسەریەکەوە بڵێیت لەبەر خێرایی هەناسەت، ئەوە پیادەڕەوییەکەت گورجوگۆڵانەیە.

رێنماییدەکرێت لەگەڵ هەنگاوناندا کەسەکە قۆڵیشی رابوەشێنێت، واتە هاوکات لەگەڵ قاچی، دەستەکانیشی بجووڵێن بۆ زیادکردنی سوودەکانی وەرزشەکە.

سوودەکانی وەرزش هەر ئەوە نییە کە توێژەرەکان پێی گەیشتوون

جگە لەو دەرەنجامەی ئەم توێژەرانە پێیان گەیشتوون، پێشووتر سەلمێنراوە وەرزشکردن رۆڵی هەیە لە رێگری لە؛ بەرزەفشاری خوێن، شەکرە، لەبیرچوونەوە، کەمخەوی، نەخۆشیی دڵ، شێرپەنجە، قەڵەوی، لاوازیی  بەرگری و چەندین گرفتی دیکە.

Loading related news...