
61 گەنجی کوردی کۆچبەر لە لیبیا لەلایەن گرووپێکی چەکدارەوە بە بارمتە گیراون. سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان دەڵێت، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ قاچاخچییەک کە پارەی ئەو گرووپە چەکدارەی بردووە. ئەم رووداوە لە کاتێکدایە کە ژمارەیەکی زۆری کۆچبەری کورد لە وڵاتانی لیبیا و تونس چاوەڕێی دەرفەتێک دەکەن بۆ گەیشتن بە ئەوروپا و دۆخەکەشیان رۆژ بە رۆژ مەترسیدارتر دەبێت.
بەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان لە لێدوانێکیدا ئاشکرای کرد، کە 61 گەنجی کوردی کۆچبەر لە وڵاتی لیبیا لەلایەن گرووپێکی چەکدارەوە بە بارمتە گیراون. هۆکاری ئەم بارمتەگرتنەش ئەوەیە قاچاخچییەک، کە ئەرکی گواستنەوەی کۆچبەرانی لە کەناراوەکانی لیبیاوە بۆ ئیتاڵیا لە ئەستۆ بووە، پارەیەکی زۆری ئەو گرووپە چەکدارەی بردووە و هەڵاتووە.
بەکر عەلی ئاماژەی بەوەشدا کە ئەو کۆچبەرە کوردانەی بە بارمتە گیراون، لەلایەن گرووپە چەکدارەکەوە ئەشکەنجە دەدرێن. مەرجی ئازادکردنیان تەنها گەڕاندنەوەی ئەو پارەیەیە کە قاچاخچییەکە بردوویەتی. ئەمەش دۆخێکی زۆر ناهەموار و مەترسیدار بۆ ئەو گەنجانە دروست کردووە.
سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان روونی کردەوە کە نزیکەی 500 کۆچبەری کورد لە لیبیا و ژمارەیەکی زۆر لە تونس، کە کۆی گشتییان دەگاتە نزیکەی هەزار کەس، لەو دوو وڵاتە چاوەڕوانی پەڕینەوەن بۆ ئیتاڵیا و وڵاتانی ئەوروپا. بەکر عەلی هۆشداریدا، کە "رۆژ بە رۆژ ئاڵۆزییەکان بەرامبەر کۆچبەران زیاتر دەبێت."
سەبارەت بە هەوڵە حکومی و فەرمییەکان بۆ ئازادکردنی کۆچبەران، بەکر عەلی رایگەیاندووە، کە ئەو کۆچبەرانە لەلایەن گرووپ و مافیاوە دەستبەسەرکراون نەک لایەنی فەرمی بۆیە حکومەت ناتوانێت بە ئاسانی هەماهەنگییان لەگەڵدا بکات. بە گووتەی ئەو باشترین رێگە بۆ ئازادکردنی کۆچبەرەکان ئەوەیە کەسوکاریان فشار بکەن بۆ دۆزینەوەی قاچاخچییەکە تا پارەکە بگەڕێنێتەوە و گەنجەکان رزگاریان بێت.
لە هەشت مانگی ئەمساڵدا، بە هەوڵی لایەنی فەرمی و حکومی توانراوە 276 کۆچبەری کورد لە لیبیا و نزیکەی 90 کۆچبەر لە تونسەوە بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان، بەڵام لە هەمان ماوەدا نزیکەی شەش هەزار هاوڵاتی کە زۆرینەیان گەنجن، کوردستانیان جێهێشتووە و هەوڵی گەیشتنیان بە وڵاتانی ئەوروپا داوە، ئەمەش قەیرانی کۆچبەری لە هەرێمدا قوڵتر دەکاتەوە.
بەکر عەلی ئاشکرای کردووە، کە تا ئێستا ژمارەیەک دەڵاڵ و قاچاخچی دەستگیرکراون، بەڵام داوا دەکات دەزگا ئەمنییەکان هەوڵەکانیان زیاتر بکەن بۆ گرتنی سەرجەم ئەو کەسانە. ئەو پێشنیاری کردووە کە نووسینگەکانی حەواڵە کە پارەی کۆچبەرانی تێدا دەخەوێنرێت، دەکرێت ببنە رێگەیەکی باش بۆ دۆزینەوەی قاچاخچی و دەڵاڵەکان. هەروەها گووتیشی: "زۆرینەی قاچاخچییەکان لە تورکیا و لیبیا دادەنیشن و یەخت و بەلەمیان هەیە و بە ئاشکرا مامەڵەی گواستنەوەی کۆچبەران دەکەن گرتە ڤیدیۆییان هەیە و هەڕەشە دەکەن و دەبێت دەزگا ئەمنییەکان دەستگیریان بکەن." بەکر عەلی روونیشیکردەوە کە زۆرێک لە قاچاخچییەکان تورک و عەرەبن و بەشێکیشیان کورمانجن و کوردیان تێدایە.
