نادڵنیایی لە ئابووریی ئەمریکا نرخی دراوە ئەلیکترۆنییەکانی بەرزکردەوە

لە ئەنجامی داخستنی حکومەتی ئەمریکا نرخی دراوە ئەلیکترۆنییەکان روویان لە بەرزبوونەوە کرد
لە ئەنجامی داخستنی حکومەتی ئەمریکا نرخی دراوە ئەلیکترۆنییەکان روویان لە بەرزبوونەوە کرد

بەهۆی شەتداونی (داخستنی حکومەتی ئەمریکا) حکومەتەوە، نرخی بیتکۆین لە ماوەی هەفتەیەکدا 10% بەرزبووەتەوە و پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی ساڵ بگاتە 165 هەزار دۆلار.

لەگەڵ چوونە ناو سێیەم رۆژی داخستنی حکومەتی ئەمریکا "شەتداون"، نرخی دراوە ئەلیکترۆنییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە. نادڵنیایی لە بازاڕە داراییەکانی ئەمریکادا وەبەرهێنەرانی هانداوە روو لە بازاڕی کریپتۆ بکەن، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکان.

کاریگەریی راستەوخۆی شەتداون

ئەمڕۆ هەینی، 3ی تشرینی یەکەم، نرخی یەک بیتکۆین گەیشتە زیاتر لە 120 هەزار دۆلار. ئەمە لە کاتێکدایە کە تەنها سێ رۆژ لەمەوبەر و پێш داخستنی حکومەت، نرخەکەی نزیکەی 113 هەزار دۆلار بوو. بەراورد بە هەفتەی رابردووش، بیتکۆین نزیکەی 10%ی بەهاکەی زیادیکردووە. هۆکاری سەرەکی ئەم بەرزبوونەوەیە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو نادڵنیاییە ئابوورییەی کە بەهۆی شەتداونی حکومەتی ئەمریکاوە دروست بووە.

پێشبینییەکانی جەی پی مۆرگان

بەگوێرەی شرۆڤەکانی دامەزراوەی دارایی ناسراوی ئەمریکی "جەی پی مۆرگان"، پێشبینی دەکرێت شەپۆلی بەرزبوونەوەی نرخی بیتکۆین بەردەوام بێت و تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ نرخی یەک بیتکۆین بگاتە 165 هەزار دۆلار.

بازاڕی کریپتۆ گەشاوەتەوە

هاوشان لەگەڵ بیتکۆین، دراوە ئەلیکترۆنییەکانی دیکەش بەرزبوونەوەی بەرچاویان تۆمارکردووە. نرخی یەک ئیسریۆم نزیک بووەتەوە لە 4,500 دۆلار، یەک سۆلانە بە زیاتر لە 229 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت و نرخی یەک ریپڵیش گەیشتووەتە 3 دۆلار.

هۆکاری شەتداونی حکومەت

شایەنی باسە، حکومەتی ئەمریکا دوای ئەوە داخرا کە کۆنگرێس نەیتوانی بگاتە رێککەوتن لەسەر درێژکردنەوەی بودجەی فیدراڵی. لە ئەنجوومەنی پیران، پرۆژەیاساکە 55 دەنگی "بەڵێ"ی بەدەستهێنا لە بەرامبەر 45 دەنگی "نەخێر"، بەڵام بۆ تێپەڕاندنی پێویستی بە 60 دەنگ هەبوو. ئەمەش بووە هۆی وەستانی کارەکانی زۆرینەی دامەزراوە حکومییەکانی وڵاتەکە.

Loading related news...