
ئیسرائیل دیپۆرتکردنەوەی چالاکوانانی کاروانی فریاگوزاری خۆڕاگریی دەستپێکردووە و وەکو دەستپێک چوار چالاکوانی ئیتاڵی دیپۆرتکرانەوە، ئیتمار بن غەفیر، وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل رەخنەی لە دیپۆرتکردنەوەی چالاکوانان گرت و بەپێویستی زانی زیندانی بکرێن.
وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل لە تۆڕی ئێکس رایگەیاند، رێوشوێنی خێرا دەگرنەبەر بۆ دیپۆرتکردنەوەی سەرجەم چالاکوانانی کاروانی فریاگوزاریی خۆڕاگری و کۆتاییهێنان بەوەی کە بە "گاڵتەجاڕی" ناویانبردووە.
وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشکردووە، تاوەکو ئێستا چوار هاوڵاتیی ئیتاڵی دیپۆرتکراونەتەوە و ئەوانی دیکەش ئامادەدەکرێن بۆ ناردنەوە، دەشڵێن، ئیسرائیل دەیەوێت بە زووترین کات ئەو رێوشوێنانە تەواو بکات.
ئەوەش لەکاتێکدایە، ئیتمار بن غەفیر، وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل رایگەیاند، پێویستە چالاکوانانی کاروانی فریاگوزاری بۆ ماوەی چەند مانگێک فڕێبدرێنە زیندانەوە، نەوەک دیپۆرت بکرێنەوە بۆ وڵاتەکانیان.
بن غەفیر کە سەرکردایەتی پارتێکی راستڕەوی توندڕەوەی ئیسرائیل دەکات، لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا گوتی، بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەڵەدەکات ئەگەر چالاکوانان دیپۆرت بکاتەوە، بەڵکو ئەو بۆچوونی وایە کە پێویستە چەند مانگێک لە ئیسرائیل لەگەڵ زیندانیانی حەماس زیندانی بکرێن، وەکو خۆی دەڵێت، "بۆ ئەوەی لەگەڵ بۆنی تیرۆر رابێن". و باسی ئەوەیکرد، بە ناردنەوەی ئەو چالاکوانانە بۆ وڵاتەکەیان خۆیان ئامادە دەکەنەوە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە هەمان کار دووبارە بکەنەوە.


