حەماس وەڵامی ئەرێنیی دایەوە؛ ئامادەن بارمتەکان ئازاد بکەن و ئیدارەی غەززە رادەست بکەن

هاوڵاتیانی کەرتی غەززە لە چاوەڕوانی وەڵامی ئەرێنی حەماس و ترەمپ، فۆتۆ: AP
هاوڵاتیانی کەرتی غەززە لە چاوەڕوانی وەڵامی ئەرێنی حەماس و ترەمپ، فۆتۆ: AP

بزووتنەوەی حەماس بە فەرمی وەڵامی پلانەکەی دۆناڵد ترەمپی دایەوە و ئامادەیی خۆی بۆ ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان و رادەستکردنی ئیدارەی کەرتی غەززە بە دەستەیەکی سەربەخۆی تەکنۆکرات راگەیاند.

حەماس وەڵامی پلانەکەی ترەمپی دایەوە

بزووتنەوەی حەماس لە راگەیەندراوێکدا، وەڵامی پلانەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای دایەوە و ئامادەیی خۆی بۆ دەستبەجێ بەشداریکردن لە دانوستانەکاندا لە رێگەی ناوبژیوانانەوە دەربڕی، بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر وردەکارییەکانی پلانەکە.

"ئامادەین سەرجەم بارمتەکان رادەست بکەینەوە"

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، حەماس ئامادەیە "سەرجەم بارمتە زیندووەکان ئازاد بکات و تەرمی سەرجەم مردووەکانی ئیسرائیلیش رادەست بکاتەوە"، بەگوێرەی ئەو پلانەی کە دۆناڵد ترەمپ خستوویەتیەڕوو.

"ئامادەین ئیدارەی غەززە بدەینە دەستەیەکی سەربەخۆ"

حەماس رایگەیاندووە، ئامادەیە ئیدارەی کەرتی غەززە بداتە دەست "دەستەیەکی فەڵەستینیی تەکنۆکرات و سەربەخۆ، کە لەسەر بنەمای کۆدەنگیی نیشتمانیی فەڵەستین و پشتیوانیی عەرەبی و ئیسلامی دەستنیشان بکرێن".

"هەوڵەکانی ترەمپ بەرز دەنرخێنین"

بزووتنەوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، "هەوڵە عەرەبی و ئیسلامی و نێودەوڵەتییەکان و هەوڵەکانی سەرۆک ترەمپ بۆ راگرتنی شەڕ لە غەززە بەرز دەنرخێنێت". سەبارەت بە پرسەکانی دیکەی پەیوەست بە ئایندەی غەززەوە، حەماس رایگەیاندووە کە ئەوە پەیوەستە بە هەڵوێستێکی هەمەلایەنەی نیشتمانی و بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن.

Loading related news...