
ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی پێنجەم دیداری هەورامانناسی، بەمەبەستی پێشکەشکردن و خستنەڕووی چەندین توێژینەوەی جیاواز لەبارەی فەرهەنگ و کەلەپووری هەورامان، لە باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان تەواوبوون.
لە هەڵەبجە دەبێت
سەرپەرشتیارانی پێنجەم دیداری هەورامانناسی، وادە، کات و شوێنی بەڕێوەچوونی دیدارەکەیان ئاشکرا کرد و جەخت لە تەواوبوونی ئامادەکارییەکان دەکەنەوە.
وەکو لە پەیجی فەرمیی دامەزراوەی کەریمی عەلەکە، لایەنی سەرەکیی و رێکخەری ئەمساڵی دیدارەکە بڵاوکراوەتەوە، بڕیارە پێنجەم دیداری هەورامانناسی، رۆژی پێنجشەممە، رێکەوتی نۆی تشرینی یەکەم، لە هۆڵی مۆنیۆمێنتی شەهیدانی هەڵەبجە، کاتژمێر 10ـی سەرلەبەیانی تاوەکو چواری پاشنیوەڕۆ بەڕێوەبچێت.

ناونیشانی ئەمساڵی خولەکە چییە؟
ئەمساڵ دیدارەکە، بە ناونیشانی خولی د. ئەفراسیاب هەورامی بەڕێوەدەچێت، شێوەیەکی نوێی دەبێت، چەندین توێژەر تیایدا لە رۆژهەڵات و باشووری کوردستانەوە بەشداریی دەکەن.

دەرئەنجامی دیدارەکان چاپکراون
لە ساڵانی رابردوودا، چوار دیداری جیاواز لەبارەی هەورامانناسی سازکران، لە دەرئەنجامی پێشکەشکردن و خستنەڕووی توێژینەوەکان لەبارەی هەورامان، ناوەڕۆکی کۆی توێژینەوەکان چاپکراون و بە چوار ژمارەی جیاواز بڵاوکراونەتەوە.
