
عێراق یەکێک لە ئەکتەرە دیارەکانی خۆی بەهۆی نەخۆشییەوە لەدەستدا، کە لە چەند دەیەی رابردوودا، لە چەندین بەرهەمی سینەمایی و درامیی وڵاتەکەدا بەشداریی کردووە.
هۆکاری مردنەکەی چییە؟
بەیانی رۆژی هەینی رێکەوتی سێی تشرینی یەکەم، ئەیاد ئەلتائی، هونەرمەند و ئەکتەری دیاری عێراقی، لە تەمەنی 60 ساڵیدا، بەهۆی نەخۆشی جگەر کۆچی دوایی کرد.

بە ئەکتەرێکی داهێنەر ناوی دەبەن
پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی کۆچی دوایی ئەم هونەرمەندە، سەندیکای هونەرمەندانی عێراق، نیگەرانیی و دڵتەنگیی خۆیان بۆ ئەم پێشهاتە دەربڕی، جەختیان لەوە کردەوە؛ گۆڕەپانی هونەریی و کولتووری عێراق بەم کۆچە لاواز دەبێت، بەو هۆکارەی، "ئەلتائی یەکێک بوو لە ئەکتەرە داهێنەرە دیارەکانی شانۆ و تەلەڤیزیۆنی عێراق بۆ ماوەی چەندین دەیە".

پێنج مانگە نەخۆشە
ئەلتائی ماوەی پێنج مانگی رابردوو بەهۆی نەخۆشیی سەختی جگەرەوە ناڵاندوویەتی، کە بەهۆیەوە کۆچی دوایی کردووە، ئەم ئەکتەرە، هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆس بووە لە هونەری شانۆ، وەکو وانەبێژی پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی بەغداد کاری کردووە.

کەی بووە بە ئەستێرە؟
ساڵی 1975 ژیانە پیشەییەکەی وەکو هونەرمەند دەستپێکردووە، ساڵی 1990 وەچەرخانێکی گەورە بووە بۆ کارەکانی، بەشداریی لە فێستیڤاڵی یەکەمی هونەرمەندانی گەنج کردووە و خەڵاتی باشترین ئەکتەری بردووەتەوە.