
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، بڕیارە ئەم هەفتەیە هاوشانی مووچەی فەرمانبەرانی میلاک و خانەنشینان، مووچەی مانگی تەمموزی نزیکەی 38 هەزار مامۆستای گرێبەست دابەش بکرێت، کە مانگانە نزیکەی 19 ملیار دیناری تێدەچێت.
بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کەناڵ8، پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی مامۆستایانی گرێبەست بۆ مانگی تەمموز لەم هەفتەیەدا ئەنجام دەدرێت. ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی میلاک و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان.
پێشتر لە رێککەوتی 25ی ئابی 2024، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دابوو مامۆستایانی وانەبێژ بکرێن بە گرێبەست. دواتر لە 26ی ئەیلولی هەمان ساڵدا، وەزیری پەروەردە واژۆی لەسەر گرێبەستی 37 هەزار و 933 مامۆستای وانەبێژ کرد، کە لە 1ی ئەیلولەوە لەسەر میلاکی وەزارەتی پەروەردە حیساب دەکرێن.
مووچەی مامۆستایانی گرێبەست لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دابین دەکرێت، کە تێچووی مانگانەی مووچەکانیان بە نزیکەیی 19 ملیار دینار مەزەندە دەکرێت.