
ماوەی چوار رۆژی لەسەریەکە، حکومەتی ئەمریکا بێ بودجەیە و داخستنی بەردەوامیی هەیە، دوای شکستی ئەنجوومەنی پیران لە پەسەندکردنی بودجەی فیدراڵ، ئەندامانی ئەنجوومەنەکە واشنتیان جێهێشت.
تاوەکو رۆژی دووشەممەش کۆنگرێسمانەکان پشووی کۆتایی هەفتەیان دەبێت، بەبێئەوەی بگەن بە رێککەوتنێک بۆ دابینکردنی بودجە و چارەسەرکردنی ئەو ئیفلیج بوونەی بەرۆکی حکومەتەکەی گرتووە.
لەبەرئەوەی کۆنگرێسمانە دیموکراتەکان بەتوندی بەرەنگاری کەمکردنەوەی هاوکارییەکانی چاودێریی تەندروستی بوونەتەوە لەلایەن ئیدارەی ئەمریکا و کۆمارییەکانەوە، پێشبینییەکان بەو ئاڕاستەیەن، داخستنی حکومەت بۆ هەفتەی داهاتووش درێژببێتەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، ئیدارەی ترەمپ ئاماژە بە دەرکردنی هەزاران کارمەندی فیدراڵی دەکات، بەڵام هێشتا روون نییە ئەم دەرکردنانە کام دەزگای خزمەتگوزاریی دەگرێتەوە.
کارۆلاین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دەزگا فیدراڵییەکان بیر لە ناردنە ماڵەوەی کارمەندان دەکەنەوە، لەکاتێکدا داخستنی حکومەت بەردەوامە، ئەوان دەستنیشانی دەکەن، کە ئەم بڕین و دەرکردنانە کام لە کارمەندان دەگرێتەوە، چونکە ئیدارەی ترەمپ نایەوێت ئەم داخستنە بەردەوامبێت.
نیکێما ویلیامز، کۆنگرێسمانی دیموکراتەکان لە جۆرجیا دەڵێت، پاراستنی دەستڕاگەیشتن بە چاودێریی تەندروستی، نیگەرانیی سەرەکیی ئەوانە، گوتیشی، لە دوای دەستبەکاربوونییەوە هەستیان بە کاریگەریی هەوڵەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کردووە بۆ بچووککردنەوەی حکومەت.
ویلیامز بە تۆڕی هەواڵی "سی ئێن ئێن"ـی راگەیاند، تاوەکو ئێستا دوورخستنەوە و دەرکردنی کارمەندان بەشێک لە دەزگاکانی ویلایەتەکەی ئەوانی گرتووەتەوە، لەنێویاندا فڕۆکەخانەکان و کاروباری سەربازە دێرینەکان.
لەلایەکی دیکەوە وەکو ناڕەزایەتییەک بەرامبەر ئەو بڕیارەی ئیدارەی ترەمپ، ژمارەیەکی زۆر لە کۆنگرێسمانەکان ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ دەستبەرداربوون لە مووچەکانیان، تاوەکو ئیدارەی ترەمپ لە بڕیارەکەی پاشگەزدەبێتەوە.

