سبەی دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەنێوان حەماس و ئیسرائیلدا دەستپێدەکات

ستیڤ ویتکۆف و جارید کۆشنەری زاوای ترەمپ ئەندامانی تیمی دانوستانی ئەمریکا لەگەڵ ئێران
ستیڤ ویتکۆف و جارید کۆشنەری زاوای ترەمپ ئەندامانی تیمی دانوستانی ئەمریکا لەگەڵ ئێران

جارێد کوشنەر، زاوای سەرۆکی ئەمریکا و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتیی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو میسر بەڕێکەوتوون، بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ئاشتی لە غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان، کە بڕیارە رۆژانی یەکشەممە و دووشەممە بەڕێوەبچێت.

بۆ پلانەکەی ترەمپە لە غەززە

بەرپرسێکی کۆشکی سپی بە ئاژانسی هەواڵی فڕانس پرێسی راگەیاندووە، ئامانجی سەردانەکەی کوشنەر و ویتکۆف بۆ میسڕ، بۆ گفتوگۆکردنە لەسەر وردەکارییەکانی پرۆسەی ئازادکردنی بارمتەکان، بەگوێرەی پێشنیازەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ غەززە.

گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ دەکەن

ئەلقاهیرە ئیخبارییە، میدیای فەرمیی دەوڵەتی میسر رایگەیاند، حەماس و ئیسرائیل رۆژانی یەکشەممە و دووشەممە لە قاهیرە گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ دەکەن دەربارەی ئازادکردنی بارمتە و زیندانییەکان.

ئاڵوگۆڕی بارمتەکان

ئەلقاهیرە ئیخبارییە، کە بە میدیایەکی نزیک لە هەواڵگریی میسڕ دادەنرێت لە سەرچاوەیەکی ئەمنیی باڵاوە بڵاویکردەوە، هەردوو شاند ئامادەن بۆ دەستپێکردنی دانوستانەکان و گفتوگۆکردن لەسەر رێکخستنی مەرجەکان بۆ ئاڵوگۆڕی سەرجەم بارمتە و زیندانییەکان، بەگوێرەی پێشنیازەکەی ترەمپ.

شاندەکەی ئیسرائیل

لە لایەکی دیکەوە، دەزگای پەخشی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، شاندی ئیسرائیل کە چاوەڕوان دەکرێت بەشداری لە دانوستانەکاندا بکەن پێکدێن لە رۆن دێرمر، وەزیری کاروباری ستراتیجی و گال هیرش، بەرپرسی زیندانییان و بێسەروشوێنان و بەرپرسێکی باڵای مۆساد کە بە "م" ناودەبرێت.

ترەمپ پێزانینی بۆ ئیسرائیل هەیە

هاوکات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس سۆشیال گوتی، "من پێزانینم هەیە، کە ئیسرائیل بۆ ماوەیەکی کاتی بۆردوومانەکەی راگرتووە بۆ ئەوەی دەرفەتێک بدات بە رێککەوتنی ئاشتی و ئازادکردنی بارمتەکان". سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوەش کردەوە، کە پێویستە حەماس بە خێرایی بجوڵێت، بۆ ئەوەی هەموو شتێک لەدەست نەدات.

ترەمپ: نامەوێت مەترسی لەسەر غەززە دروست ببێتەوە

هەروەها ترەمپ دەڵێت: "من نامەوێت کارەکە دوابکەوێت و جارێکی دیکە مەترسی لەسەر غەززە دروست ببێتەوە"، دەشڵێت: "با بەخێرایی ئەم کارە بگەیەنینە ئەنجام، هەموو کەسێک دادپەروەرانە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت".

Loading related news...