
خۆپیشاندەرانی جۆرجیا هەوڵدەدەن بچنە ناو کۆشکی سەرۆکایەتییەوە و داوای دەستگیرکردنی دەسەڵاتداران دەکەن و ئەوەش گرژی ئاڵۆزیی لێکەوتەوە. هەروەها پارتی دەسەڵاتداری جۆرجیا سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا راگەیاند و ئۆپۆزسیۆنی لایەنگری رۆژئاوا هەڵبژاردنی بایکۆت کرد.
دوای ئەوەی پارتی دژە رۆژئاوای دەسەڵاتداری جۆرجیا کە ناوی "خەونی جۆرجیا"یە، سەرکەوتنی خۆی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا راگەیاند، خۆپیشاندەرانی لایەنگری ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکە رژانە سەر شەقامەکان و هەوڵیاندا بچنە ناو کۆشکی سەرۆکایەتییەوە لە تبلیسیی پایتەخت.
ئەم پێشهاتانە بووەهۆی دروستبوونی گرژی و پێکداپژان لەنێوان پۆلیس و خۆپیشاندەراندا و پۆلیسی وڵاتەکە هەوڵیاندا بە ئاوی گەرم و بۆمبی فرمێسکڕێژەوە بڵاوە بەخۆپیشاندەران بکەن.
ناڕەزایەتییەکان لەکاتێکدا سەریانهەڵدا، کاتژمێر حەوتی ئێوارەی شەممە، بەکاتی هەرێمی کوردستان، سندووقی هەڵبژاردن داخران و پارتی خەونی جۆرجیا سەرکەوتنی خۆی لە هەڵبژاردنەکەدا راگەیاند، لەکاتێکدا لەسەرەتای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی و گرژییەکانەوە، پارتی ئۆپۆزسیۆنی لایەنگری یەکێتیی ئەوروپا بایکۆتی هەڵبژاردنی راگەیاند.
دوای ئەوەی دەیان هەزار خۆپیشاندەر بە هەڵکردنی ئاڵای جۆرجیا و یەکێتیی ئەوروپاوە لە ناوەڕاستی تەبلیسی بڵاوبوونەوە و داوای دەستگیرکردنی سەرکردەکانی پارتی خەونی جۆرجیایان کرد، کە بە پارتێکی نزیک لە رووسیا و دژی بە ئەندامبوونی جۆرجیا لە یەکێتیی ئەوروپا ناسراوە.
خۆپیشاندەران داوایان لە هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی وڵاتەکەیانکرد، پابەندبن بە ئیرادەی گەلەوە و دەستبەجێ شەش سەرکردەی باڵای پارتی خەونی جۆرجیا دەستگیربکەن.
پاشان خۆپیشاندەران هەڵیانکوتایەسەر کۆشکی سەرۆکایەتی و هەوڵیاندا دەستی بەسەردا بگرن، بەڵام پۆلیس بە توندی رووبەڕوویان بوونەوە، پێشتریش دەسەڵات بەڵێنیدابوو هەرکەس و لایەنێک هەوڵی خۆپیشاندان و ئاژاوەنانەوە بدات، بە توندترین شێوە وەڵامیان دەدەنەوە.
ئەم رووداوەش، هاوشێوەیە لەگەڵ رووداوەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ساڵی پاردا، کاتێک پارتی دەسەڵاتدار کە خەونی جۆرجیایە، سەرکەوتنی خۆی راگەیاند، بەڵام ئۆپۆزسیۆنی لایەنگری یەکێتیی ئەوروپا تۆمەتباریان کرد بە ئەنجامدانی ساختەکاری لەو هەڵبژاردنەدا.
دوای ئەوەی پارتی راستڕەوی خەونی جۆرجیا حکومەتی پێکهێنا، یەکەم کاری کشانەوە بوو لە داواکاریی بوون بە ئەندامی وڵاتەکەی لە یەکێتیی ئەوروپا، لەوکاتەشەوە بە بەردەوامی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لەو وڵاتە بەردەوامە.
