
بازرگانێکی نێودەوڵەتیی ماددەی هۆشبەر، لە ئۆپراسیۆنێکی هاوبەشی هێزەکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری ماددە هۆشبەرەکانی عێراق لە بەغداد بە 100 کیلۆ ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیرکرا.
ئەرکان بیبانی، گوتەبێژى نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە ئەنجوومەنى ئاسایشى هەرێمى کوردستان بەکەناڵ8ـی راگەیاند، "پاڵپشت بە زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتیمان و لە ئۆپراسیۆنێکی هاوبەشدا لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ماددە هۆشبەرەکانی عێراق، بازرگانێکی ماددەی هۆشبەر لە شارى بەغداد دەستگیرکرا".
گوتیشی "ئەو بازرگانە بیانییە و لەکاتی دەستگیرکردنیدا دەستبەسەر 100 کیلۆ ماددەی هۆشبەردا گیراوە".
هاوکات، بەڕێوەبەرایەتیی گشتی ماددە هۆشبەرەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت "ئەو بازرگانە لە لێکۆڵینەوەکاندا دانیبەوەداناوە، کە چەندین جار کارى گواستنەوەی ماددەی هۆشبەری کردووە، بەمەبەستی بازرگانیکردن".
پێشتریش لەمانگی ئەیلولی رابردوو، وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، لەساڵی 2024دا 400 سزای لە سێدارەدان و هەتاهەتایی بۆ بازرگانانی ماددەی هۆشبەر دەرچووە.
