
جولەی بازرگانی لە گەرووی هوورمز گەیشتە سفر و وڵاتانی کەنداو بەهۆی پەککەوتنی هەناردەی وزە و تێکچوونی ژێرخانی ئابوورییان، ڕووبەڕووی کورتهێنانی ملیارەها دۆلار بوونەتەوە.
گەرووی هوورمز کە 20%ـی پێداویستی نەوت و گازی جیهانی تێدا تێدەپەڕێت، بە تەواوی پەکیکەوتووە. هاتوچۆی کەشتیوانی لە 138 کەشتییەوە لە ڕۆژێکدا بۆ تەنها 10 کەشتی دابەزی و لە دوو ڕۆژی ڕابردووشدا جولەی کەشتییەکان گەیشتە سفر. ئەم دۆخە وەک گەورەترین گورزی ئابووری دوای پەتای کۆرۆنا هەژمار دەکرێت و بۆ یەکەمجارە لە چەندین دەیەی ڕابردوودا گەرووەکە بەم شێوەیە چۆڵ بێت.
بەهۆی پەرەسەندنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، نزیکەی 80 دامەزراوەی وزە کە پێکدێن لە کێڵگەکانی بەرهەمهێنان، پاڵاوگە و بۆرییەکان، زیانی توندیان بەرکەوتووە. مەزەندە دەکرێت تێچووی زیانەکان گەیشتبێتە 58 ملیار دۆلار، ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی کردووەتە سەر بەرنامەکانی گەشەپێدانی وڵاتانی ناوچەکە.
سەعد شێریدە کەعبی، وەزیری دەوڵەتی قەتەر بۆ کاروباری وزە ڕایگەیاند، زیانەکانی کەرتی وزەی وڵاتەکەی گەیشتووەتە 20 ملیار دۆلار. وەزیر ئاماژەی بەوە کردووە کە نۆژەنکردنەوەی هەندێک دامەزراوەی ستراتیجی وەک کۆمەڵگەی "ڕاس لەفان" پێویستی بە 5 ساڵ کارکردن هەیە، ئەمەش بەهۆی ئەو پەککەوتنە گەورەیەی لە پرۆسەی هەناردەکردندا دروستبووە.
سعودییە بەهۆی زیادبوونی خەرجییەکان و شۆکی بازاڕی وزە، پێشبینی دەکات کورتهێنانی بودجەکەی بگاتە 44 ملیار دۆلار، بەڵام یەدەگە داراییەکانی یارمەتیدەر دەبن بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکە. لە بەرامبەردا کوەیت کە 79%ـی داهاتەکەی پشت بە نەوت دەبەستێت، ڕووبەڕووی کورتهێنانی 32 ملیار دۆلار بووەتەوە. بەحرەینیش دۆخی قەرزە گشتییەکانی گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و 152%ـی بەرهەمی ناوخۆیی تێپەڕاندووە.
ئیمارات لە ناو وڵاتانی کەنداودا دۆخێکی دارایی جێگیرتری هەیە، ئەوەش بەهۆی هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات و هەبوونی سندوقی سامانی سەروەری گەورە کە بە 2.9 تریلیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت. ئەم پاشەکەوتە داراییە وایکردووە ئیمارات بتوانێت زیاتر لە وڵاتانی دیکەی دراوسێی بەرگەی شۆکە ئابوورییەکان بگرێت.