
بۆ نۆژەنکردنەوە و بونیادنانەوەی دامەزراوە و یاریگا وەرزشییەکان لە غەززە، یەکێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتی بەنیازە 75 ملیۆن دۆلار خەرجبکات، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، گەر پێویستیکرد، خۆشم بەشدار دەبم لە ڕیکلام کردن بۆ ئەم بابەتە.
ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەرپەرشتیی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاشتی بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە کرد و گوتی، فیفاش ئامادەیی دەربڕیوە 75 ملیۆن دۆلار تەرخان بکات.
لە کۆبوونەوەکەدا کە جیانی ئینڤانتینۆ، سەرۆکی فیفا ئامادەی بوو، ترەمپ گوتی، لەگەڵ دەستپێکردنی ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانی وەرزشیی غەززە، ئەستێرە ناودارەکان دێن و پڕوپاگەندە بۆ پڕۆسەکە دەکەن، ترەمپ ڕووی لە ئینفانتینۆ کرد و گوتی، پێویست بکات خۆشم لە پڕوپاگەندەکەدا بەشدار دەبم.
دوای قسەکانی ترەمپ، فیفا لە ڕاگەیێندراوێکدا ڕوونیکردەوە، پلانیان هەیە ئەکادیمیایەکی ورزشی لە غەززە بکەنەوە و یاریگایەکی گەورەش بە توانای 20 هەزار هاندەر بونیاد دەنێن.
فیفا لە ڕاگەیێندراوێکدا هیچ ئاماژەیەکی بە بڕی ئەو 75 ملیۆن دۆلارە نەداوە کە ترەمپ باسی لێوەکرد، تەنیا ئەوە نەبێت کە گوتی، لە ڕێگەی هاوبەشەکانییەوە خەرجیی پڕۆژەکانی بۆ غەززە کۆدەکاتەوە.
بە هەماهەنگی لەگەڵ میسڕ و قەتەڕ، لە ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو، ترەمپ و ئیدارەکەی سەرکەوتوو بوون دوای دوو ساڵ لە جەنگ ئەنجوومەنی ئاشتی پێکبهێنن و ئەرکی ئەم ئەنجوومەنە دەگوترێت نۆژەنکردنەوەی کەرتی غەززە دەبێت.