
پووختەی هەواڵەکە
فەرمانگەی میدیای و زانیاری حکومەتى هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە، شاندی هەرێم جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندییە دارایی و نەوتییەکانی لەبەرامبەر حکومەتی فیدراڵی جێبەجێ کردووە و بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی ئەو پابەندییانە بۆ ساڵی 2027یش، بەشێوەیەک کە هیچ بەهانە یان هۆکارێک بۆ دواخستن، ڕاگرتن یان کەمکردنەوەی ماف و شایستە دارایییەکانی هەرێمی کوردستان نەمێنێتەوە.
شاندەکە پێک هاتووە لە سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، بریکاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، بەڕێوەبەرانی گشتیی بودجە و ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان و نوێنەری وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە.
لە ماوەی سەردانەکەدا، شاندی هەرێم بەهەماهەنگی لەگەڵ نوێنەرە کوردستانییەکان لە دەسەڵاتە فیدڕاڵییەکان، کۆبوونەوەی فەرمی لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵی ئەنجام دەدات، بەمەبەستی گفتوگۆ و گەیشتن بە تێگەیشتنێکی هاوبەش و دادپەروەرانە لەسەر پابەندییە دارایی و نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان.
بەتایبەتی جەخت لەسەر ئەوە دەکرێتەوە کە ماف و شایستە دارایییەکانی هەرێم، لەوانەش مووچە و شایستەکانی مووچەخۆران، لە یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2027 بەشێوەیەکی ڕوون و یاسایی جێگیر و پارێزراو بن، بە جۆرێک هاووڵاتیان و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەڕووی ماف و شایستە دارایییەکانەوە هاوتا بن لەگەڵ هاوتاکانیان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق، هەروەک دادگای باڵای فیدڕاڵییش جێگیری کردووە.
شاندی هەرێم جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە مووچە و شایستە داراییە بنەڕەتییەکان لە پێوەری خەرجییە ڕاستەقینەکان (الإنفاق الفعلي) و هەر کۆتوبەندێکی دیکە کە ببێتە هۆی دواخستن، ڕاگرتن یان کەمکردنەوەی شایستەکان دوور بخرێنەوە و لە بودجەی فیدراڵیدا میکانیزمێکی ڕوون و جێگیر بۆ دابینکردن و ناردنی ماف و شایستە دارایییەکانی هەرێمی کوردستان دانرێت.
بەغداد داوای ناردنی شاند دەکات؛ هەرێم هەوڵی زیادکردنی پشکی خۆی لە بودجەی 2027 دەدات
هەرێمی کوردستان داوای گۆڕینی پشکی خۆی لە بودجەی 2027 دەکات