
سەرۆکوەزیرانی قەتەر لە مەسقەتی پایتەختی عومان زنجیرەیەک گفتوگۆی سیاسی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە و یەکلاکردنەوەی پرسی گەرووی هوورمز دەستپێکردووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 24ـی حوزەیرانی 2026، ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە کە محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر لەگەڵ بەرپرسانی عومان پرسی ئەنجامدانی گفتوگۆی هاوبەشی نێوان ئێران، عێراق و وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداوی تاوتوێ کردووە. ئەم گفتوگۆیانە تایبەتن بە دۆخی گەرووی هورمز و بە ئاراستەیەکی سەربەخۆ لە دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتن بەڕێوە دەچن.
تەلەفزیۆنی فەرمی عومان ئاشکرای کرد کە سەرۆکوەزیرانی قەتەر و سوڵتانی عومان بە چڕی باسیان لە دۆسیەی نێوەندگیری نێوان ئەمریکا و ئێران کردووە. ئەم جووڵانە دوای ئەوە دێن کە ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو گەڕی یەکەمی دانوستانەکانی واشنتن و تاران لە سویسرا کۆتایی هات و هەردوولا گەیشتنە نەخشەڕێگەیەک بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنی کۆتایی لە ماوەی 60 ڕۆژدا. بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوودا گفتوگۆ تەکنیکییەکان بۆ ئەو مەبەستە بەردەوام بن.