رووماڵی کەناڵ8

هەڵبژاردنە چارەنووسسازەکەى ئیسرائیل؛ نەتانیاهوو لە پێشە

عەرەبەکانى ئیسرائیل ئەنجامى هەڵبژاردنەکەیان بەدڵە فۆتۆ؛ AFP
عەرەبەکانى ئیسرائیل ئەنجامى هەڵبژاردنەکەیان بەدڵە فۆتۆ؛ AFP

دوێنێ سێشەممە هەڵبژاردنى کنێستى ئیسرائیل بە بەشدارییەکى فراوان بەڕێوەچوو، ئەو هاوپەیمانییەى نەتانیاهوو سەرۆکایەتیى دەکات کورسى زیاترى هێناوە، بەڵام نەگەیشتووەتە 61 کورسى لە کۆى 120 کورسى کنێست.


نوێکراوەتەوە/
کەناڵ8

ئەنجامى بەرایى: نەتانیاهوو لە پێشە

نەتانیاهوو نزیکە لە بردنەوەى هەڵبژاردن
نەتانیاهوو نزیکە لە بردنەوەى هەڵبژاردن

ئەنجامى بەرایى: ئەنجامى 50.1ـى دەنگە جیاکراوەکان ئاشکرا کرا.

پارتی لیکودی ڕاستڕەوی نەتانیاهوو و هاوپەیمانەکانی لە کۆی 120 کورسی لە کنێست 56 کورسییان دەستەبەرکردووە.

بەرەى ئۆپۆزسیۆن 49 کورسی.

پارتە عەرەبییەکان 15 کورسی



 



نوێکراوەتەوە/
مەعاز فەرحان

چوار سیناریۆ بۆ پێکهێنانی حکومەت لە ئیسرائیل

حکومەتى هاوپەیمانى لە ئیسرائیل نزیکترین سیناریۆیە
حکومەتى هاوپەیمانى لە ئیسرائیل نزیکترین سیناریۆیە

پووختەى ڕاپۆرتەکە

  • نەتانیاهوو و ئایزنکۆت لە ڕکابەرى تونددان.

  • ژمارەیەک سیناریۆ بۆ پێکهێنانى حکومەتى ئیسرائیل هەن یەکێکیان هەڵبژاردنى پێشوەختەیە.

  • ئەوەى بتوانێت هاوپەیمانى لە کنێست پێکبهێنت، حکومەتى لە دەست دەبێت.

سێشەممە ئیسرائیلییەکان لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا دەنگیاندا، ڕێژەی بەشداریی دەنگدەران لە ماوەی دە ساڵدا زۆرترین و 77.7% بوو، بەڵام هیچ کام لە لایەنەکان ناتوانن بەتەنیا حکومەت پێکبهێنن، ئەگەرچى نەتانیاهوو کەمێک لە پێشترە، چاوەڕوان دەکرێت حیزبە عەرەبییەکان یەکلاکەرەوە بن.

ئەنجامە بەراییەکان:

  • کێبڕکێ و شان لە شاندان لەنێوان دوو بلۆکى سەرەکیدایە.

  • بەرەى بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیران.

  • بەرەى گادی ئایزنکۆتی هاوپەیمانیی ئۆپۆزسیۆن.

  • پێشبینی دەکرێت یەکەمیان 52 کورسی و دووەمیان 49 کورسی بەدەستبهێنێت.

  • دوو پارتە عەرەبییەکە دەستکەوتی بەرچاویان بەدەستهێناوە، لە ڕاپرسییەکاندا لە نێوان 18 بۆ 19 کورسییان بردووە.

بەڵام دوو پارتە گەورەکە دوورن لە زۆرینەی 61 کورسی پەرلەمان (کنێست)، واتە هەر لایەکیان لە پێکهێنانى هاوپەیمانى سەرکەوتوو بێت دەتوانێت حکومەت پێکبهێنێت.

چوار سیناریۆ بۆ دۆخى دواى هەڵبژاردن

یەکەم؛ هاوپەیمانی

لایەنەکان دەستبەجێ دەست بە دانوستانەکان دەکەن بۆ گەیشتن بە ئاستی 61 کورسی لە کنێست کە 120 کورسییە، بەڵام پێدەچێت گەیشتن بەم کارە ئاڵۆز بێت.

ئیسحاق هێرزۆگ سەرۆکی ئیسرائیل ڕاوێژ لەگەڵ نوێنەرانی پارتەکە دەکات و ئەو بەربژێرانە دیاری دەکات کە زۆرترین ئەگەری پێکهێنانی حکومەتیان هەیە. مەرج نییە ئەم بەربژێرە لەو حیزبە بێت کە زۆرترین کورسی هەیە، بەڵکو ئەو بەربژێرە بێت کە باشترین پێگەی هەیە بۆ ئەوەی کورسی پێویستی پەرلەمان دەستەبەر بکات.

لایەنە عەرەبییەکان بە تایبەتی لیستی هاوبەش (ڕەعم)، کراوەیی خۆیان بۆ کارکردن لەگەڵ هاوپەیمانیی ئایزنکۆت دەربڕیوە. بەڵام ئایزنکۆت پێی باشترە خۆی لێیان دوور بخاتەوە، پشتیوانیکردنیان بە بارگرانی دەزانى لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا.

لە بەرامبەردا هاوپەیمانیی نەتانیاهوو هیچ بژاردەیەکی ڕوونی نییە بۆ بەدەستهێنانی کورسی زیاتر، دوای ئەوەی چەند پارتێکی بچووکی ڕاستڕەو نەیانتوانی بەربەستی هەڵبژاردنەکان تێپەڕێنن.

ئەم دانوستانانە ڕەنگە قورس و درێژخایەن بن، بە لەبەرچاوگرتنی پابەندبوونی لایەنەکان بەبەرژەوەندییەکانیانەوە، کە دەتوانێت ببێتە هۆیپێکهێنانى حکومەتێکى ناسەقامگیر.

دوای ئەوەی دوایین ھەڵبژاردن کە لە تشرینی دووەمی 2022 کرا، نەتانیاھوو پێویستی بە 58 ڕۆژ بوو بۆ پێکھێنانی حکومەتەکەی.

دووەم؛ حکومەتێکی کەمینە

ئەگەر هەر بلۆکێک نەتوانێت 61 کورسی دەستەبەر بکات، بەربژێرێک دەتوانێت بەبێ زۆرینە هەوڵی حوکمڕانی بدات.

لەم سیناریۆیەدا، ئەندامانی کەمینەی عەرەب کە لەسەدا 20ـی دانیشتووان پێکدەهێنن، دەتوانن ڕۆڵێکی سەرەکی بگێڕن.

لیستی یەکگرتووی عەرەبی (ڕەعم) بە سەرۆکایەتیی مەنسوور عەباس، پێشتر ڕۆڵی پاشاسازیی گێڕاوە، بووە یەکەم پارتی عەرەبی کە پەیوەندی بە حکومەتێکی ئیسرائیلەوە بکات وەک بەشێک لە هاوپەیمانییەک کە بۆ ماوەیەکی کورت لە نێوان ساڵانی 2021 بۆ 2022 بە سەرکردایەتیی نەفتالی بێنت و یایر لاپید حوکمڕانی کرد.

ڕەعم، ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ کارکردن لەگەڵ بلۆکی ئایزنکۆت، لە کاتێکدا لیستی هاوبەش پێشنیازی دابینکردنی "تۆڕی سەلامەتی" بۆ هەر هاوپەیمانییەک دەکات کە نەتانیاهوو لە دەسەڵات دەربکات.

بە گوتەی شرۆڤەکاری سیاسی تال ئێلۆڤیتز، ڕێژەی بەرزی دەنگدەران لەنێو عەرەبەکاندا بەشێوەیەکی نائاسایی"ئاماژەیە بۆ خواستێکی بەهێز بۆ هاوبەشی".

ئایزنکۆت بە ئاشکرا هیچ ئامادەیییەکی پیشان نەداوە تەنانەت ئەم ئەگەرەش لەبەرچاو بگرێت، لە کاتێکدا نەتانیاهوو لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیدا بە دەنگدەرانی جووەکانی ڕاگەیاندووە، دەنگدان بە ئۆپۆزسیۆن دەتوانێت عەرەبەکان بهێنێتە ناو حکومەتەوە.

سێیەم؛ حکومەتێکی یەکگرتوویی نیشتمانی

هەرچەندە بە لەبەرچاوگرتنی جەمسەرگیری توندی ناوى ئیسرائیل، بژاردەی پێکهێنانی حکومەتێکی یەکێتیی نیشتمانی بە دوور دەزانرێت، بەڵام لەڕووی تیۆرییەوە وەک ئەگەرێک دەمێنێتەوە. شرۆڤەکارانی سیاسی ئیسرائیل چەندین جار باسیان لە ئەگەری دروستبوونی حکومەتێکی یەکگرتوویی نیشتمانی کردووە کە تیایدا نەتانیاهوو دەستبەرداری هاوپەیمانە ڕاستڕەوە توندڕەوەکانی و پارتە ئاینییەکان بێت بۆ ئەوەی هاوپەیمانی لەگەڵ ئایزنکۆت پێکبهێنێت، کە لە زۆرێک لە پرسە ئەمنییەکاندا هاوڕان. هاوپەیمانییەکی گەورەی لەم شێوەیە لایەنە عەرەبییەکان بەدەر دەکات.

ڕاپرسییەک کە لە 16ـی ئۆکتۆبەر بڵاوکرایەوە، دەریخست کە55%ـی ئیسرائیلییەکان حکومەتی یەکگرتوویی نیشتمانییان پێ باشترە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی نوێ، مەگەر ئەنجامەکەی زۆرینەی ڕوون نەبێت.

بەڵام ئەم سیناریۆیە ڕووبەڕووی دژایەتییەکی توند دەبێتەوە لەلایەن هەردوو لایەنەوە، بەتایبەتی لەلایەن بلۆکی ئۆپۆزسیۆنەوە، کە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی لەسەر دەرکردنی نەتانیاهوو و وێناکردنی وەک ناشایستە بۆ سەرکردایەتیکردن بونیاد ناوە.

چوارەم؛ بنبەست و هەڵبژاردنی نوێ ئەگەر هیچ بەربژێرێک لە پێکهێنانی حکومەت سەرکەوتوو نەبێت، ئیسرائیل ناچار دەبێت جارێکی دیکە هەڵبژاردن بکاتەوە.

وڵاتەکە چوار هەڵبژاردنی لە نێوان نیسانی 2019 تاوەکو ئازاری 2021 کردووە، چونکە سیاسەتمەداران نەیانتوانی هاوپەیمانییەکی بژاردەیی پێکبهێنن.

ئەو بەربژێرەی سەرۆک کۆمار هەڵیدەبژێرێت، لە بنەڕەتدا، 28 ڕۆژی دەبێت بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی، لەگەڵ ئەگەری درێژکردنەوەی ماوەی 14 ڕۆژ، هەرچەندە ڕێگەی ڕێکارەکانی دیکە هەیە بۆ ئەوەی دەستبەجێ داوای هەڵبژاردنی نوێ نەکات.



نوێکراوەتەوە/
بەهزاد ئەحمەد

سندووقەکانی دەنگدان لە ئیسرائیل داخران و جیاکردنەوەی دەنگەکان دەستیپێکرد

پووختەى هەواڵەکە

  • کاتژمێر 10ـی شەو بە کاتی ئیسرائیل، 11ـی شەو بە کاتی هەولێر، سندووقەکانی دەنگدان داخران.

  • ڕێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئیسرائیل گەیشتە 75%.


لیژنەی ناوەندیی هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، تاوەکو داخستنی سندووقەکان، ڕێژەی بەشداریکردنی دەنگدەران گەیشتووەتە نزیکەی 75%، ئەمەش لەکاتێکدایە لە هەڵبژاردنی پێشوودا، ساڵی 2022، ڕێژەی بەشداریکردن نەگەیشتە 70%.


داواکارى بۆ درێژکردنەوەى پڕۆسەى دەنگدان و پەیامى پارتى یاشار

  • پێشتر پارتی لیکۆد ڕایگەیاند، داواکارییەکیان پێشکەش کردووە بۆ درێژکردنەوەی کاتی دەنگدان.

  • گادی ئایزنکۆت، سەرۆکی پارتی یاشاری ئیسرائیل: داوای لە لایەنگرانی کرد نەترسن و بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان.

  • گادی داوایکرد کاتی دەنگدان درێژ نەکرێتەوە.

  • گادی: نەتانیاهوو دەترسێت، بۆیە داوای درێژکردنەوەی کاتی دەنگدان دەکات.

لە لایەکی دیکەوە، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل باسی لەوە کرد، ڕێژەی بەشداریکردن لە ناوچەکانی باشووری وڵاتەکەی، کە ناوچەی عەرەب نشینن، زۆر بەرز بووە، ئەمەشی وەک مەترسییەک ناوبرد و داوای لە لایەنگرانی کرد بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگ بدەن بە پارتی لیکۆد، کە ئەو سەرۆکایەتیی دەکات.

کاتژمێر 7ـی سەر لە بەیانیی ئەمڕۆ سندووقەکانی دەنگدان بەڕووی 7 ملیۆن و 981 هەزار دەنگدەری ئیسرائیلیدا کرانەوە، کە لەو وڵاتە مافی دەنگدانیان هەیە و دەنگیاندا بۆ دەستنیشانکردنی 120 کورسیی پەرلەمانیی وڵاتەکەیان.

کاتژمێر 10ـی ئەمشەو، واتە 11 بە کاتی هەولێر، سندووقەکانی دەنگدان داخران و دەست کرا بە جیاکردنەوەی دەنگەکان.

نوێکراوەتەوە/
کەناڵ8

داواکاریی پارتەکەى نەتانیاهوو بۆ درێژکردنەوەى کاتى دەنگدان ڕەتکرایەوە

پووختەى هەواڵەکە

  • تاوەکو کاتژمێر شەشی ئێوارە بە کاتی ئیسرائیل ڕێژەی دەنگدان 66.7% بووە.

  • بنیامیان نەتانیاهوو چاوەڕێى ئەوەیە ئەمجارەش هەڵبژاردن بباتەوە.

  • پارتى لیکۆد بە سەرۆکایەتى نەتانیاهوو، دۆخى باش نییە.


زانیارییەک گەیشتووە بە کەناڵ8، لیژنەی ناوەندیی هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل داواکاریی پارتەکەی نەتانیاهووی بۆ درێژکردنەوەی کاتی دەنگدان ڕەتکردوەتەوە.


ڕێژەى بەشداریکردن بەرزبووە

  • ڕێژەی بەشداریکردن لە ناوچەکانی باشوور، کە ناوچەی عەرەب نشینن، زۆر بەرز بووە.

  • نەتانیاهوو: ئەمە مەترسییە بۆسەریان.

  • نەتانیاهوو داوای لە لایەنگرانی کرد بڕژێنە سەر سندوقەکانی دەنگدان دەنگ بدەن بە پارتی لیکۆد.

کاتژمێر 7ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 27ـى تشرینى یەکەمى 2026، سندووقەکانی دەنگدان بەڕووی حەوت ملیۆن و 981 دەنگدەری ئیسرائیلیدا کرانەوە، کە لەو وڵاتە مافی دەنگدانیان هەیە و دەنگ دەدەن بۆ دەستنیشانکردنی 120 کورسیی پەرلەمانیی وڵاتەکەیان. دواى ئەوەى لیژنەی ناوەندیی هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل، داواکەى پارتى لیکۆد پارتەکەى نەتانیاهووى بۆ درێژکردنەوەى کاتى داخستنى بنکەکانى دەنگدان ڕەتکردەوە، بڕیارە کاتژمێر 10ـی ئەمشەو، واتە 11 بە کاتی هەولێر، سندوقەکانی دابخرێن و دەست بکرێت بە جیاکردنەوەی دەنگەکان.

نوێکراوەتەوە/
کەناڵ8

ورد و درشتى هەڵبژاردنەکەى ئیسرائیل

ترەمم پشتیوانى لە نەتانیاهوو دەکات
ترەمم پشتیوانى لە نەتانیاهوو دەکات

پووختەى هەواڵەکە:

  • کنێست تاکە دەسەڵاتی یاسادانانی ئیسرائیلە و 120 ئەندامی هەیە.

  • ئیسرائیل بە 3.7 ملیۆن دەنگدەرەوە یەک بازنەی هەڵبژاردن پێکدەهێنێت.

  • ئەو پارتانەی دەتوانن بەربەستی 3.25%ـی دەنگەکان ببڕن دەچنە کنێستەوە.


ئەمڕۆ سێشەممە، 37 پارت و هاوپەیمانیی ڕکابەر بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل دەکەن، پێشبینی دەکرێت 13 پارت لە کنێست کورسی بەدەست بهێنن. پارتی لیکود بە سەرۆکایەتیی بنیامین نەتانیاهوو سەرۆکوەزیران و پارتی "یاشار" کە بۆ یەکەمجار لە ژێر سەرکردایەتیی گادی ئایزنکۆت، سوپاسالارى پێشوو ڕکابەرى سەرەکین. ڕاپرسییەکان ئەوە دەردەخەن کە یەشار دەتوانێت ببێتە گەورەترین پارت لە ئیسرائیل، دوای ئەوەی لیکود بۆ چەندین ساڵ زاڵ بوو بەسەر دیمەنە سیاسییەکاندا، دەنگى هاوڵاتییە عەرەبەکانى ئیسرائیلیش یەکلاکەرەوەیە.


زانیارییەکان لەبارەى سیستمى هەڵبژاردنى ئیسرائیل:

  • دەسەڵاتی یاسادانانی ئیسرائیل لە یەک ئەنجوومەن پێکدێت، کە ناوی کنێستە و 120 ئەندامی هەیە و بۆ ماوەی چوار ساڵ هەڵدەبژێردرێن.

  • یاسای ئیسرائیل جەخت لەوە دەکاتەوە دەبێت هەڵبژاردنەکان "گشتی، نیشتمانی، ڕاستەوخۆ، یەکسان، نهێنی و ڕێژەیی" بن.

  • پەرلەمان دەکرێت پێشوەختە بە دەنگی زۆرینە هەڵبوەشێنرێتەوە، کە ئەمە دیاردەیەکی باوە لە ئیسرائیلدا.

  • لە بارودۆخی تایبەتدا، کنێست دەتوانێت بە دەنگی 80 ئەندام ماوەی کارکردنی لە چوار ساڵ زیاتر درێژ بکاتەوە.

ژمارەى دەنگدەران

  • تەواوی وڵاتەکە بە نزیکەی 3.7 ملیۆن دەنگدەرەوە، یەک بازنەی هەڵبژاردن پێکدەهێنێت.

  • لە دوایین هەڵبژاردندا لە تشرینی دووەمی 2022، ڕێژەی بەشداریکردن گەیشتە زیاتر لە 70%.

  • دەنگدەران لە ڕێگەی لیستی بەربژێرانی پارتەکانەوە دەنگ بە بەربژێرانى پەرلەمان دەدەن و تەنیا دەتوانێت دەنگ بە یەک لیست بدات.

بڕینى بەربەست

  • دەنگدان لەسەر بنەمای نوێنەرایەتی ڕێژەییە، ژمارەی کورسییەکان بەگوێرەى ڕێژەی سەدی ئەو دەنگانە دابەش دەکرێت کە هەر لیستێک بەدەستی دەهێنێت.

  • هەر لیستێک بتوانێت بەربەستی 3.25%ـی دەنگەکان ببڕێت کە بەرامبەر چوار کورسییە، دەچێتە کنێستەوە.

  • بەربەستی 3.25% کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ئەنجامە کۆتاییەکان هەیە، چونکە ئەو دەنگانەی کە دەدرێن بەو لیستانەی ناگەنە ئەو ڕێژەیە، هەژمار ناکرێن.

  • دواتر کورسییەکانی پەرلەمان بەگوێرەى ڕێژەی دەنگە ماوەکان دابەش دەکرێن، بۆ نموونە، ئەگەر پارتێک 20%ـی دەنگە ماوەکان بەدەستبهێنێت، %20ــى کورسییەکانی کنێست مسۆگەر دەکات.

  • بەڵام دابەشکردنی دەنگەکان بەسەر کورسییەکاندا بە تەواوی و یەکسانی دەرناچێت، بەڵکو بڕێک دەنگی زیادە و کورسی دابەشنەکراو دەمێننەوە.

  • پارتەکان دەتوانن ڕێککەوتن بکەن بۆ ئەوەی دەنگە زیادەکانیان کۆبکەنەوە تاوەکو بڕێک لەو کورسییە دابەشنەکراوانە مسۆگەر بکەن.

پێکهێنانى حکومەتى هاوپەیمانى

ژمارەی زۆری پارتەکان وا دەکات تەنیا یەک پارت بە سەربەخۆیی نەتوانێت زۆرینەی ڕەهای 61 کورسی کنێست بەدەستبهێنێت کە بۆ پێکهێنانی حکومەت پێویستە، هەربۆیە کاتێک دەنگەکان دەژمێردرێن، دانوستاندنەکان بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانێتی دەستپێدەکەن.

سەرۆکی وڵات کە ئێستا ئیسحاق هێرزۆگە لە ڕووی یاساییەوە بەرپرسیارە لە ڕاسپاردنی سەرۆکی ئەو لیستەی زۆرترین چانسی بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانێتی هەیە، بەگوێرەى ئەو ڕاسپاردانەی لەلایەن پارتەکانەوە پێشکەش دەکرێن.

بانگەشەیەکى گەرموگوڕ بەڕێوەچوو

دیارترین ڕکابەرەکانی نەتەنیاهوو

گادی ئایزنکۆت

گادی ئایزنکۆت، تەمەن 66 ساڵ، کوڕی کۆچبەرانی مەغریبە و سوپاسالارى پێشووە، بە ڕکابەری سەرەکی نەتەنیاهوو دادەنرێت و ڕاپرسییەکانیش ئاماژە بە نزیکی ڕێژەی دەنگەکانیان دەکەن و لە هەندێکیشیاندا پێش نەتەنیاهوو کەوتووە.

ئەگەرچی ئایزنکۆت ئەزموونی سیاسی ڕکابەرەکەی نییە، بەڵام دوای لەدەستدانی کوڕەکەی و دوو لە برازاکانی لە شەڕی غەززەدا، هاوسۆزیی جەماوەری بەدەستهێناوە.

ئایزنکۆت بە میانڕەوی بەرەو ڕاستڕەو هەژمار دەکرێت، هەندێک هەڵوێستی ڕاگەیاندووە دەربارەی ململانێی ئیسرائیل و فەڵەستین کە درێژەپێدەری سیاسەتی حکومەتی ئێستایە، بۆ نموونە، ڕێگریکردن لە دروستبوونی دەوڵەتی فەڵەستین و کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی حەماس لە غەززە لە ماوەی 18 مانگدا لە ئەگەری هەڵبژاردنیدا.

لەگەڵ ئەوەشدا پشتیوانی خۆی بۆ ئۆردوگا جوونشینەکان لە کەناری ڕۆژئاوا دەربڕیوە، بەڵام بەڵێنی داوە ڕێگری لەو نیشتەجێبووانە بکات کە پەلاماری فەڵەستینییەکانیان دەدەن.

ئایزنکۆت لە ساڵی 2024 لە کابینەی جەنگی نەتەنیاهوو دەستی کێشایەوە و بووە یەکێک لە ڕەخنەگرە توندەکانی شێوازی سەرکردایەتیی سەرۆکوەزیران.

لە ساڵی 2025ـدا پارتەکەی خۆی بە ناوی "یاشار" دامەزراند و ئەگەر سەرکەوتووبێت لە کۆکردنەوەی 61 کورسیی پەرلەمان لە دەوری خۆی، دەبێتە یەکەم سەرۆکوەزیران کە ڕەچەڵەکی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یان باکووری ئەفریقا بگەڕێتەوە.

گادی ئایزنکۆت ڕکابەرە سەرەکییەکەى نەتانیاهوو

نەفتالی بێنێت

بێنێت سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیسرائیل تەمەن 54 ساڵ، کە حکومەتەکەی تەنیا ساڵێکی خایاند، سەرکردایەتی پارتی "بەیاخاد"ـی میانڕەوی ڕاستڕەو دەکات کە لە پلەی سێیەمی ڕاپرسییەکاندایە لە دوای ئایزنکۆت و نەتەنیاهوو.

شیکەرەوانی ئیسرائیلی بۆچوونیان وایە ئەو دەتوانێت سەرنجی ئەو دەنگدەرە ڕاستڕەوانە ڕابکێشێت کە لە نەتەنیاهوو بێئومێد بوون، بەڵام نایانەوێت روو لە چەپڕەوەکان بکەن.

سەرەڕای ڕەخنە توندەکانی، بێنێت ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ بەشداریپێکردنی نەتەنیاهوو، لە حکومەتێکی هاوپەیمانیدا کە لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە سەرکردایەتی بکرێت.

یائیر لاپید

لاپیدی تەمەن 62 ساڵ، ساڵانێک پێشکەشکارێکی تەلەڤزیۆنی دیاری وڵاتەکەی بوو، دوای دامەزراندنی پارتی میانڕەوی "یێش عەتید" لە ساڵی 2012ـدا، بە خێرایی بووە یەکێک لە ڕکابەرە سەرەکییەکانی نەتەنیاهوو.

لاپید وەکو وەزیری دارایی و وەزیری دەرەوە کاری کردووە و لە ساڵی 2022ـدا بۆ ماوەیەکی کورت وەکو سەرۆکوەزیران لە ڕێککەوتنی دابەشکردنی دەسەڵات لەگەڵ بێنێت کاری کردووە کە ئێستاش لەگەڵیدا هاوپەیمانە.

ئەڤیگدۆر لیبەرمان

ئەڤیگدۆر لیبەرمان لە ساڵی 1958 لە مۆڵدۆڤای سۆڤیەت لەدایکبووە، لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا کۆچی بۆ ئیسرائیل کردووە و کەسایەتییەکی دێرینی گۆڕەپانی سیاسییە، تێڕوانینێکی نەتەوەیی توندی بۆ ئاسایشی نیشتمانی هەیە لە کاتێکدا عەلمانییەکی سەرسەختە.

لیبەرمان دامەزرێنەری پارتی" یسرائیل بەیتەینو"ـە، ئەو پێشتر هاوپەیمانێکی نزیکی نەتەنیاهوو بوو، بەڵام ئێستا بە بەردەوامی ڕەخنەی لێدەگرێت.

لیبەرمان یەکێکە لەو کەمینە سیاسییانەی کە سەرکردایەتیی سێ لە وەزارەتە سەرەکییەکانی ئیسرائیلی کردووە، دەرەوە، بەرگری و دارایی.

مەنسور عەباس

مەنسور عەباس، سەرکردەی پارتی عەرەبی-ئیسرائیلی، هەوڵدەدات کۆمەڵگەکەی کارا بکاتەوە کە 20٪ـی دانیشتووانی ئیسرائیل پێکدەهێنن، بۆ ڕێگری لە گەڕانەوەی نەتەنیاهوو بۆ دەسەڵات.

پارتی "ڕەعام"ـی عەباس، لە ساڵی 2021ـدا، بووە یەکەم پارتی عەرەبی کە بەشداری لە حکومەتێکی ئیسرائیلدا بکات و دەکرێت دووبارە ببێتەوە بە کلیلێک بۆ یەکلاکردنەوەی دەسەڵات ئەگەر ئۆپۆزسیۆن ڕازی بێت پشت بە پەرلەمانتارەکانی ببەستێت بۆ لادانی نەتەنیاهوو.

یائیر گۆلان

گۆلانی لیبراڵ، دوای ساڵانێک لە ڕۆیشتنی ئیسرائیل بەرەو ڕاستڕەوی، پارتی "دیموکراتەکان"ـی گۆلان نوێنەرایەتی ئەوە دەکات کە لە چەپی سەرەکی ماوەتەوە، لەنێویاندا پاشماوەی پارتی کار، کە بەبێ پچڕان لە سێ دەیەی یەکەمی دامەزراندنی وڵاتەکەدا، سەرکردایەتی ئیسرائیلی کرد.

گۆلان تاقە سەرکردەی سەرەکی سیاسی ئیسرائیلە کە بە روونی پشتیوانی لە چارەسەری دوو دەوڵەت لەگەڵ فەڵەستینییەکاندا دەکات.

هەروەها لە کێشە کۆمەڵایەتییەکاندا لیبراڵە و داوای ڕێگەدان بە هاوسەرگیریی هاوڕەگەزخوازان و کارکردنی گواستنەوەی گشتی لە ڕۆژی شەممەدا دەکات.

نوێکراوەتەوە/
مەعاز فەرحان

دیارترین هاوپەیمانەکانى نەتانیاهوو کێن و هەڵوێستی سیاسییان چییە؟

نەتانیاهوو ڕووبەڕووى ئۆپۆزسیۆنێکى بەهێز بووەتەوە
نەتانیاهوو ڕووبەڕووى ئۆپۆزسیۆنێکى بەهێز بووەتەوە

پووختەى هەواڵەکە:

  • زۆرینەى پارتە توندڕەوەکانى ئیسرائیل هاوپەیمانیى نەتانیاهوون.

  • لە دژایەتى دەوڵەتى فەڵەستین و ئۆردووگا جوونشینەکان هاوڕان.

  • بەشێک لە هاوپەیمانەکانى پارتى ئاینین و داواى بەردەوامبوونى هاوکارییەکان بۆ پەیمانگا ئاینییەکان دەکەن.


پارت و هاوپەیمانە بەشدارەکانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى ئیسرائیل، بەسەر دوو بەرەى سەرەکیدا دابەشبوون، پشتیوانانى نەتانیاهوو لەگەڵ بەرەى ئۆپۆزسیۆن و ڕکابەر، چاوەڕوان دەکرێت بۆ هەرکام لە بەرەکان پێکهێنانى حکومەت ئەرکێکى ئاسان نەبێت.


حیزبەکەى نەتانیاهوو:

پارتی لیکود بە سەرۆکایەتیی بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڕکابەریی هەڵبژاردنەکانی کنێست دەکات و پشت بە هاوپەیمانییە سیاسییەکانی دەبەستێت کە پارتە ناسیۆنالیست و ئایینییەکانن لە حکومەتەکانی پێشوویدا بەشدارییان کردووە.

پارتەکەى نەتانیاهوو و هەڵوێستەکانى:

  • لیکود وەک ڕاستڕەو پۆلێن دەکرێت.

  • ئاڕاستەی ناسیۆنالیستی و سیاسەتی ئابووری دەگرێتەبەر کە پاڵپشتی بازاڕی ئازاد دەکات.

  • پرسە ئەمنییەکان لە پێشینەی کارەکانی دادەنێت.

  • نەتانیاهوو دژایەتی دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستینی دەکات.

  • ئەو پارتانە بە لیستی جیا لە لیکود بەشدارییان کردووە، بەڵام بە بەشێک لە بنکەى سیاسیی پشتیوانی لە نەتانیاهوو دادەنرێن.

پارتەکەى بن گەڤیر

  • لە نێو هاوپەیمانەکانیدا پارتی "هێزى جووە" هەیە کە ئیتامار بن گەڤیر وەزیری ئاسایشی نیشتمانیی سەرۆکایەتیی دەکات.

  • بە ڕاستڕەوی توندڕەو پۆلێن دەکرێت.

  • پارتەکە داوای سەپاندنی سەروەری ئیسرائیل دەکات بەسەر کەناری ڕۆژئاوا و توندکردنەوەی ڕێوشوێنە ئەمنییەکان.

  • بن گڤیر هەروەها داوای دامەزراندنی ئۆردووگاى جوونشین لە کەرتی غەززە کردووە.

هاوپەیمانیی زایۆنیستی ئایینی- زێهوت

  • لەنێوان بێزالیل سمۆتریچ وەزیری دارایی و موشێ فەیگلین پێکهێنراوە.

  • سمۆتریچ پشتگیری لە فراوانکردنی ئۆردووگا جوونیشتەکان دەکات لە کەناری ڕۆژئاوا و سەپاندنی سەروەری ئیسرائیل بەسەریدا.

  • ئەو دژی دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستینییە.

  • ڕۆیتەرز وەک کەسایەتییەکی ڕاستڕەوی توندڕەو پۆلێنی دەکات.

پارتی شاس

  • ئارییە دێری سەرۆکایەتیی دەکات.

  • بە پلەی یەکەم نوێنەرایەتی جووەکانی "حەریدیم" بە ڕەچەڵەک ڕۆژهەڵاتى دەکات. گرنگی بە پەروەردەی ئایینی و یارمەتییەکانی چاودێریی کۆمەڵایەتی و پاراستنی لێخۆشبوون لە خزمەتکردنی سەربازی بۆ خوێندکارانی پەیمانگا ئاینییەکان دەدات.

هاوپەیمانیی "جووگەرایی تەوراتی"

  • نوێنەرایەتی جووەکانى حەریدیمى ئەشکەنازی دەکات.

  • هەڵوێستی هاوشێوە لەبارەی پەروەردەی ئایینی و وەرگرتنی سەربازییەوە دەگرێتەبەر.

  • داوای پاراستنی بودجەی دامەزراوە پەروەردەیی و ئایینییەکانی سەر بە پەیمانگا ئاینییەکان دەکات.

Loading related news...