
هێزی سەربازیی ئەمریکا لە ئۆپراسیۆنێکی سەربازیی فراواند لە دژی ڤەنزویلا، نیکۆلاس مادورۆ و هاوژینەکەی دەستگیر کرد و گواستنیەوە بۆ دەرەوەی وڵاتەکەی.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی هێرشی فراوانی لە دژی ڤەنزویلا ئەنجامداو، سەرۆکی ئەو وڵاتە و هاوژینەکەی دەستگیر کردووە و لە ڕێگەی ئاسمانییەوە براونەتە دەرەوەی وڵاتەکەیان.
ترەمپ ڕایگەیاند، ئۆپراسیۆنەکە بە سەرکەوتوویی بەڕێوەچێوە، بێ ئەوەی هێشتا حکومەتی ڤەنزویلا هیچ لێدوانێکی بە پەلە لەوبارەیەوە بڵاوبکاتەوە.
دەربارەی ئۆپراسیۆنەکە و پاش کەمێک لە ڕاگەیاندنەکەی ترەمپ لەسەر دەستگیر کردنی سەرۆکی ڤەنزویلا و هاوژینەکەی، ڕۆبن گالیگۆ سیناتۆری دیموکراتەکان لە ویلایەتی ئەریزۆنا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند "ئەو جەنگە نایاساییە".
گالیگۆ، کە پێشتر سەرباز بووە لە هێزی پیادەی دەریایی ئەمریکا و لە عێراقیش خزمەتی سەربازیی کردووە، بە تۆڕی هەواڵی سی بی ئێسی وڵاتەکەی ڕاگەیاندووە، ئەوە دووەم جەنگی بێبەهانەیە کە لە ژیاندا ڕوویانداوە.
بە گوێرەی میدیاکانی ئەمریکا، هێزی دەلتا، کە یەکێکە لە هێزە دەستبژێرەکانی ئەمریکا، ئۆپراسیۆنەکەیان ئەنجامداوە، کە پسپۆڕە لە دژایەتی کردنی تیرۆر و ڕزگارکردنی بارمتەکان و دەستوەردانی خێرای سەربازیی.
دەربارەی دیاترین کاردانەوەی نێودەوڵەتیش لە بەرامبەر ڕووداوەکانی ڤەنزویلا، وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، داوای ڕوونکردنەوەی پێویستی کرد، سەبارەت بە دەستگیرکردن و شوێنی زیندانیکردنی مادۆرۆ.
لەوبارەیەوە وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاندووە "هەست بە دوودڵییەکی قوڵ دەکەین، سەبارەت بە دەستگیرکردنی سەرۆکی ڤەنزویلا و هاوژینەکەی و بردنەوەیان بۆ دەرەوەی لە وڵاتەکەیان بە زۆر و لە ڕێگەی دەستدرێژی ئەمریکاوە، بۆیە پێویستە ڕوونکردنەوەی پێویست لەوبارەیەوە بدرێت"



.jpg)

.jpg)