
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە 14/2/2026، ئاسمانی هەرێم بە تەواوی هەور دەبێت. ئەو شەپۆلە بارانبارینەی بەیانی ئەمڕۆ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و پارێزگای دهۆک دەستیپێکردووە، تاوەکو دوای نیوەڕۆ زۆربەی ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە. خێرایی با لەنێوان 10 بۆ 20 کیلۆمەتر دەبێت و مەودای بینین بۆ 7 بۆ 8 کیلۆمەتر کەم دەبێتەوە، لە ئەگەری خۆڵبارینیشدا مەودای بینین دەگاتە 4 کیلۆمەتر.
ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان هۆشداری دەدات کە چەند ناوچەیەکی دیاریکراو دەکەونە ژێر کاریگەریی بارانی بەلێزمە و هەورەتریشقەی توند. ئەو شوێنانەش بریتین لە سنووری بەردەڕەش، مێرگەسۆر، بارزان، هەریر، پیرمام، بەحرکە، بنەسڵاوە، شەمامک، دەوروبەری پردێ، چوارتا، ماوەت، قەڵادزێ، سەنگاو و تەکیەی جەباری.
بۆ پاراستنی گیانی هاونیشتمانییان لە مەترسییەکانی هەورەتریشقە، ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان چەند ڕێنماییەکی بڵاوکردووەتەوە. داوا دەکرێت هاونیشتمانییان لە کاتی هەورەتریشقەدا لە شوێنە بەرزەکان نەمێننەوە و ئەگەر لەناو ئۆتۆمبێلدابوون دانەبەزن. هەروەها جەخت دەکەنەوە کە پێویستە مۆبایلەکان دابخرێن و لە ستوونی کارەبا، تەلەفۆن، تاوەرەکانی گەیاندن و دارە بەرزەکان دووربکەونەوە.
ناوەندەکە هۆشداری دەدات کە تاوەکو دەکرێت هاونیشتمانییان نەچنە شوێنە کراوەکان و ئەگەر بە ناچاری لەوێ بوون، دەستبەجێ لەسەر زەوی دابنیشن. پێویستە دوورکەوتنەوە لە کەلوپەل و بارستە کانزاییەکان و پەرژینە ئاسنینەکان ڕەچاو بکرێت. هاوکات داوا دەکرێت لە کەناراوەکانی وەک ڕووبار، دەریاچە، چەم و ناوچە شێدارەکان دووربکەونەوە و لە کاتی نزیکبوونەوەی گێژەلووکە، ئامێرە کارەباییەکان لە دەرەوەی ماڵ بەکارنەهێنرێت. لە هەر حاڵەتێکی نەخوازراویشدا پێویستە پەیوەندی بە ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی بەڕێوەبردنی قەیران و کارەساتەوە بکرێت.