رێژەی رۆچوونی خاک لە پارێزگای سنە پێنج هێندەی تێکڕای ئێرانە

دیمەنێک لە گۆڕەپانی ئازادیی شاری سنەی رۆژهەڵاتی كوردستان
دیمەنێک لە گۆڕەپانی ئازادیی شاری سنەی رۆژهەڵاتی كوردستان

بەڕێوەبەری گشتی پاراستنی ژینگەی پارێزگاى سنە، رایگەیاند، رۆچوونی خاک لە پارێزگاکە، پێنج بۆ 20 تۆنە بۆهەر هێکتارێک، واتە پێنج هێندەی تێکڕای ئێرانە.

ئیقباڵ حەمیدی، بەڕێوەبەری گشتی پاراستنی ژینگەی پارێزگاى سنە راشیگەیاند، وەرگەڕانی تانکەری نەوت و تانکەرە کیمیاییەکان لەسەر رێگاکانی گواستنەوەی پارێزگاکە، یەکێکە لە هۆکارەکانی پیسبوونی خاک و ئاوی پارێزگای سنە و تەنیا لەساڵی 2007ەوە تائێستا 291 تانکەری نەوت لە پارێزگاکەدا وەرگەڕاوە کە بەرزترین ژمارەیە لە وڵاتەکەدا.

حەمیدی، ناستانداردی رێگاوبانەکان و کۆنتڕۆڵنەکردنی شۆفێرەکان لەسەر رێگاوبانەکان بە یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکانی پیسبوونی خاک و سەرچاوە ئاوییەکان ناودەبات.

راشیگەیاند، لە سێ ساڵی رابردوودا 57 رووداوى ئاگرکەوتنەوە بە رووبەری هەزار و 400 هێکتار لە ناوچەکانی ژێر ئیدارەی پارێزگاکە روویانداوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، 5ی کانوونی یەکەم، رۆژی جیهانی خاکە، ئەمساڵیش بە دروشمی خاک و ئاو، سەرچاوەی ژیان، ناوی لێنراوە و کۆنفرانسێک بە بەشداریی رێکخراوی جیهاد و چالاکوانانی بوارەکە، له زانکۆی کوردستان لە سنە بەڕێوەدەچێت.

Loading related news...