
بەهۆی دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی ئێران و ئەمریکا بۆ سەر یەکدی، جووڵەی کەشتیوانی لە گەرووی هوورمز بۆ نزمترین ئاست دابەزیوە و بەپێی ئامارەکانی ناوەندی کێپلەر، لە 10 ڕۆژی ڕابردوودا ڕۆژانە تەنیا 10 کەشتی تێپەڕیون.
فەرماندەی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاندووە کە سێ کەشتی ئێرانییان لە نزیک دوورگەکانی خارگ و جاسک و کەناراوەکانی عوممان نوقم کردووە، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ هێرشی سوپای پاسداران بووە کە کراوەتە سەر کەشتییە جەنگییەکانیان لە ناوچەکەدا.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی سێنتکۆم، سوپای پاسدارانی ئێران هێرشی کردووەتە سەر کەشتییەکی فڕۆکە هەڵگر و کەشتییەکی مووشەک هەڵگری ئەمریکی، بەڵام کەشتییەکان توانیویانە بە سەرکەوتوویی خۆیان لە مووشەکەکان ڕزگار بکەن و هیچ سەربازێکی ئەمریکی زیانی پێ نەگەیشتووە.
گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە گەرووی هوورمز کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ئاسایشی دەریاوانی و بازرگانی جیهانی دروستکردووە، بە جۆرێک کە ناوەندی کێپلەر ئاماژە بە دابەزینی بەرچاوی ژمارەی کەشتییە تێپەڕبووەکان دەکات. دوورگەی خارگ کە ناوەندێکی ستراتیژییە بۆ هەناردەکردنی نەوتی ئێران، ئێستا کەوتووەتە چەقی ململانێکان و ئەمەش وایکردووە تەنیا لە یەک ڕۆژدا یەک کەشتی نەوت بە گەرووەکەدا تێپەڕبێت، کە ئەمەش ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ سێکتەری وزە و گواستنەوەی کەلوپەلەکان.
ئێران، ئەمریکا بە پەکخستنی کەشتیوانی لە هورمز تۆمەتبار دەکات
ئەمریکا لە وەڵامی هێرشێکدا 3 کەشتیی نەوتهەڵگری ئێرانی تێکشکاند
کەمبوونەوەی هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هوورمز بەهۆی گرژییەکان