
ئیگا شڤیۆنتێک لە پاڵەوانێتیی کراوەی نینگبۆ لە چین، بەهۆی پێکانی ماسولکەی ڕانی چەپییەوە کشایەوە.
بەم کشانەوەیە، چانسی یاریزانەکە لە سەرکەوتن بۆ پاڵەوانێتیی کۆتایی وەرز کەم بووەوە.
شڤیۆنتێک لە هەفتەی ڕابردووەوە لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی مایا شڤالینسکا، لە پاڵەوانێتیی وهان هەستی بە ئازار و پێکان کردووە.
بە کشانەوەی شڤیۆنتێک، کارۆلینا موخۆڤا لە بەدەستهێنانی دوایین بلیتی بەشداریکردن لە پاڵەوانێتیی کۆتایی وەرز نزیک دەبێتەوە.
ئیگا شڤیۆنتێکی ئەستێرەی پۆڵەندی، کشانەوەی خۆی لە پاڵەوانێتیی کراوەی نینگبۆ بۆ تێنسی سەر زەوی لە چین ڕاگەیاند، ئەوەش بەهۆی تووشبوونی بە پێکان لە ڕانی چەپیدا؛ ئەم بڕیارەش چانسی یاریزانەکەی بۆ گەیشتن بە پاڵەوانێتیی کۆتایی وەرز لە مانگی داهاتوودا کەم دەکاتەوە.
شڤیۆنتێک، کە خاوەنی شەش نازناوی گراند سلامە، هەفتەی ڕابردوو لە قۆناغی پێش کۆتایی پاڵەوانێتیی وهان بەرامبەر مایا شڤالینسکای هاونیشتمانیی شکستی هێنا، کە لەو یارییەدا بەدەست کێشەی جەستەیییەوە دەیناڵاند.
شڤیۆنتێک لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد: «دوای گفتوگۆیەکی کورت لەگەڵ ڕاهێنەر، بڕیاری کشانەوەم دا. لە هەفتەکانی ڕابردوودا ئازارێکی بەردەوامم لە ڕانی چەپمدا هەبوو، پێم وایە تەرخانکردنی کات بۆ پشوو و چاکبوونەوە دروستترین بڕیارە.»
بەگوێرەی خوێندنەوەیەکی یەکێتیی تێنسی سەر زەویی خانمان، لەگەڵ کشانەوەی شڤیۆنتێک، کارۆلینا موخۆڤای چیکی نزیکترین بەربژێرە بۆ مسۆگەرکردنی دوایین بلیتی بەشداریکردن لە پاڵەوانێتیی کۆتایی وەرز، کە لە 8ی تشرینی دووەم دەست پێ دەکات.




