
بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی، نۆرەگرتنی ئەلیکترۆنی بۆ بەشی مۆڵەت کارا دەکات و دەڵێت: ئامانجییان لەو هەنگاوە کەمکردنەوەی لۆد و قەرەباڵخی و ڕاییکردنی مامەڵەی هاوڵاتییانە بەشێوەیەکی سەردەمییانە.
ئاماژە بەوەش دەکات، کەسی سەردانیکەر ڕۆژانی شەممە سەردانی ماڵپەڕی هاتوچۆی سلێمانی دەکات و ڕۆژێک لەو هەفتەیەی دادێت هەڵدەبژێرێت و خۆی تۆمار دەکات بۆ ڕاییکردنی مامەڵەکەی.
ئاشکراشی دەکات، هەنگاوەکان بەشێوەیەکی پراکتیکی و تیۆری دانراون لە ماڵپەڕەکەدا و ئەو کارە دەبێتە هۆی کارئاسانی بۆ ئەو هاوڵاتییانەی دەیانەوێت سەردانی بەشی مۆڵەت بکەن بەمەرجێک دڵنیاببنەوە لەو ڕۆژەی کە نۆرەی تیادا گرتووە و دەشڵێت: سیستمەکە بە شێوەیەک بەرنامەڕێژی بۆکراوە کە تەنیا ئەو کەسەی نۆرەکە دەگرێت دەتوانێت سەردان بکات، لەبەرئەوەی لە سیستمەکەدا تایبەتمەندیی ناسینەوەی کەسی هەیە.
سیستەمی نۆرەگرتن هەفتانە یەک جار لە ڕۆژانی شەممە لەکاتژمێر 7:00ى ئێوارە چالاک دەبێت و ئەو خزمەتگوزارییە لە سەرەتادا بەشێوەیەکی ئەزموونی کاری لەسەر دەکرێت و لە هەر گۆڕانکارییەک لە ڕێگەی ماڵپەڕ و سۆشیال میدیا فەرمییەکانیانەوە ئاگادار دەکرێنەوە.