ئەوەی بەسەر جووتیاراندا هاتووە کەس ئیرەى پێنابات، گەیشتوونەتە کۆتایی وەرز و تەماتەیەکی نایابیان بەرهەمهێناوە، شەپۆلی سەرماش گەیشتووە و دەبێت لەماوەیەکی کەمدا هەمووی بڕنن، بەڵام نازانن دوای ڕنینی بۆ کوێی بەرن و بە کێی بفرۆشن، وەک چارەسەرێکى کاتى، کارگەى دۆشاوى تەماتەى شارەزوور بڕیاریدا تەماتەى جووتیارانى پێنجوێن وەربگرێت.
ڕزگار حەمە خدر، ڕاوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند " باجی سەر هاوردەکردنی تەماتە لە دەروازەکانەوە بەردەوامە، بەڵام زۆری بەرهەمی تەماتەی ئەمساڵ گرفتی بۆ جووتیاران دروستکردووە".
گوتیشی "سەرەڕای زۆریی بەرهەمی ناوخۆ و قەدەغەکردنی هاوردەکردنی، بەڵام لە بەشێک لە دەروازەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە ڕێگە بە هاوردەکردنی تەماتە دراوە".
دواى ئەوەى دیمەنە ناخهەژێنەکانى جووتیارانى بینى کە تەماتەکەیان فڕێدەدەن و دەردەڵ دەکەن، کامەران هەورامى، خاوەنى کارگەى دۆشاوى تەماتەى شارەزوور لە شارى هەڵەبجە لە کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەوانیدا ئامادەیى خۆى بۆ وەرگرتنى تەماتەى جووتیارانى پێنجوین دەربڕى.
بەرهەمی تەماتە لە هەرێمی کوردستان لە مانگی ئایار تاوەکو ناوەڕاستی مانگی 11 پێدەگات و دەخرێتە بازاڕەکانەوە، لە مانگی 10ـەوە تەماتەی ناوچەکانی سۆران و چۆمان و پێنجوێن پێگەیشتووە.
وەرزی چنینەوەی تەماتەی پێنجوێن و کێبڕکێی گەنجان لە بارکردنیدا


.jpg)