
بەگوێرەی زانیاریی گەیشتوو بە کەناڵ8، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە هەوڵدایە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی بەنزین و سووتەمەنی، لەو چوارچێوەیەشدا داوای دابینکردنی 6 هەزار بەرمیل نەوتی لە بەغداد کردووە بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ وەڵامێکیان وەرنەگرتووەتەوە.
ڕاوێژکاری باڵای وەزارەتی سامانە سروشتییەکان جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ئەمە مافێکی تەواو ڕەوای هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستانە کە هاوشێوەی هاوڵاتییانی دیکەی عێراق بەنزین و سووتەمەنی پێویستیان بۆ دابین بکرێت.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان لە 4ـی تەمموز هاوردەکردنی بەنزینی ئازاد کرد، بەڵام ئەم بڕیارە نەبووە هۆی زۆربوونی بەنزین و دابەزینی نرخەکەی لە بازاڕەکاندا. هەروەها بڕیاری جێگیرکردنی نرخی بەنزینی نۆرماڵ بە 850 دینار لە 20ـی تەمموزدا، بووە هۆی دروستبوونی قەرەباڵغی زۆر و دیارنەمانی ئەو جۆرە بەنزینە لە بەنزینخانەکاندا. حکومەت لە 22ـی تەمموز نرخی موحەسەنی بە 1 هەزار دینار و سوپەری بە 1 هەزار و 200 دینار دیاریکرد، بەڵام بەنزینخانەکان بە نەمانی سووتەمەنی ڕووبەڕووی بڕیارەکە بوونەوە و حکومەت نەیتوانی نرخی سوتەمەنی جێگیر، یان هەرزان بکات.
ئەمڕۆ لە هەولێر نرخی یەک لیتر بەنزینی سوپەر بە 2400 دینار، یەک لیتر موحەسەن بە 2200 دنیار و یەک لیتر بەنزینی نورماڵ بە 1625 دینار بوو. هەروەها نرخی یەک لیتر بەنزینی سوپەر لە دهۆک بە 2500 دینار و موحەسەن بە 2250 دینار و بەنزنی نورماڵ بە 1550 دینار بە هاونیشتمانیان فرۆشراوە.

زانیاریی زیاتر بۆ تۆ
https://channel8.com/kurdish/news/36319
https://channel8.com/kurdish/news/224629
https://channel8.com/kurdish/news/222183
https://channel8.com/kurdish/news/221104



