
سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند کار بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز دەکەن و ڕێگە نادەن تاران ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی، جەختیشیکردەوە کە باکی بە گەڕانەوەی ئێران بۆ سەر مێزی دانوستان نییە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە کاتی گەیشتنی بۆ بنکەی ئاسمانیی "ئاندرۆز" لە ویلایەتی مێریلاند، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە گەمارۆی دەریایی بۆ سەر ئێران کارا دەکرێت. بەگوێرەی گوتەکانی ترەمپ، بەهۆی ئەم گەمارۆیەوە ئێران چیتر ناتوانێت نەوت بفرۆشێت و ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە فشارەکانی بۆ سەر ئەو وڵاتە.
سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە ئێران نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ئیدارەکەی کار دەکات بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز بە ڕووی هاتوچۆی کەشتییەکاندا و ڕایگەیاند کە ئێران لە ئێستادا بەهۆی فشارەکانەوە بێئومێد بووە.
سەبارەت بە ئەگەری دەستپێکردنەوەی وتووێژەکان لەگەڵ تاران، دۆناڵد ترەمپ بێباکیی خۆی نیشاندا و ڕایگەیاند: "نازانم و گوێشی پێ نادەم ئایا ئێران دەگەڕێتەوە بۆ دانوستان یان نا." ئەم لێدوانە ئاماژەیە بۆ ئەوەی واشنتۆن لە ئێستادا تەنیا لە ڕێگەی فشارە ئابووری و سەربازییەکانەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا دەکات.