مەسیحییەکانى غەززە لەنێوان بەرداشى ئیسرائیل و فەڵەستیندا

کەناڵ821/10/2023
راهیبەکان دڵنەوایی ژنێکی فەڵەستینی دەدەنەوە دوای ئەوەی بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلەوە خزمێکی گیانیلەدەستداوە. فۆتۆ: AP
راهیبەکان دڵنەوایی ژنێکی فەڵەستینی دەدەنەوە دوای ئەوەی بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلەوە خزمێکی گیانیلەدەستداوە. فۆتۆ: AP

هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر كڵێسای (سانت پۆرفیریۆس) لە غەززە، رۆشنایی خستەوه سەر دانیشتوانی مەسیحى له فەڵەستین. لە هێرشەكە، موسڵمان و مەسیحیەكان پەنایان بردە بەر دیوارەكانی كڵێسای سانت پۆرفیریۆس، بەو هیوایەی شكۆ و پیرۆزی كڵێساكە لەو كوشتارگەیە رزگاریان بكات، كە ناوچەكانی دیكەی غەززەی گرتۆتەوە، بەڵام چاوەڕوانییەكان وا دەرنەچوون، بووە ئامانجی هێرشێكی ئیسرائیل و لانیكەم 20 كەس كوژران و دەیانیش برینداربوون.

نزا بۆ ئاشتی... ترس لەسەر داهاتوو

پاش سەرهەڵدانی شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس لە 7ی تشرینی كەمی 2023، مەسیحییەكانی فەڵەستین دەڵێن" نیگەرانن كه پێکهاتەکەیان، بەهۆى ئاڵۆزییەکانى غەززەوە بکەوێتە بەردەم مەترسى و زیانیان پێبگات".

پاپا فڕانسیس، شوێنكەوتووانی ڤاتیكانی رێنوێنیكرد داوای ئاشتی بكەن، لە هەمان كاتدا ئاماژەی بەوەدا ئیسرائیل مافی ئەوەی هەیە بەرگری لە خۆی بكات، بەڵام بە قووڵی نیگەران بوو لە "گەمارۆدانی تەواوەتی كەرتی غەززە، كە بێتاوانەكان دەبنە قوربانی".

پاپا فرانسیس گوتی: " تیرۆر و توندڕەوی یارمەتیدەر نین بۆ گەیشتن بە چارەسەرێك بۆ ململانێی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینییەكان، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستی بە شەڕ نییە بەڵكو پێویستی بە ئاشتییە، ئاشتییەك كە لەسەر دادپەروەری، دیالۆگ، ئازایەتی و برایەتی بنیاتنراوە".

هاوكات گابرێل رۆمانێلی، قەشەی پەرستگای غەززە كە لە بەیتولموقەدەسە، دەڵێت :" مەسیحییە فەلەستینییەكان هەموو هەوڵێكدەدەن، بۆ دەربازبوون، چونكە دانیشتووانی مەسیحی دوای هەموو شەڕێك قوربانی یەكەمن".

مەسیحییەكانی غەززە كێن؟

ژمارەیەكی كەم مەسیحی لە غەززە دەژین، كه تەنها نزیكەی هەزار و 100كەسن، لە دەورووبەری سێ كڵێسای سەرەكی (ئۆرتۆدۆكس، باپتیستی، ئەنگلیكان) كۆبوونەتەوە.

مەسیحییەكانی كەرتی غەززە بەسەر سێ گرووپدا دابەشبوون، هەندێكیان لەمێژە لە غەززە ژیاوون، هەندێكی تریان لەساڵی 1948 كۆچییان كردووە، بەشێكیشیان لە ساڵی 1994 كە دەسەڵاتی نیشتمانی فەڵەستینی دامەزرا گواستراونەتەوە بۆ غەززە.

زۆرینەی مەسیحییەكانی غەززە لە كەرتی گشتی (پزیشكی، پەروەردەیی، ئەندازیاری و یاسا)دا كار دەكەن و هەمان مافی فەڵەستینی موسڵمانیان هەیە.

ئەو باوەڕەی لە غەززە رەگی داكوتاوە

چەندین شوێنی مێژوویی مەسیحی لە غەززە هەن، كە نەك تەنها لە ئاستی ناوخۆییدا گرنگن، بەڵكو گرنگییان بۆ مەسیحییەكانی جیهانیش هەیە.

لە تەورات و ئینجیل و قورئاندا، باسی خاكی پیرۆز كراوە، عیسا مەسیح كوڕی مەریەمی پاكیزە لە بەیتولموقەدەس لەدایكبووە، لە جەلیل و دەوروبەری رووباری ئوردن بانگەشەی كردووە.

مەسیحییەكان بڕوایان وایە عیسا “لە خاچ دراوە و لە ئۆرشەلیمەوە بەرز بووەتەوە، ئەم بڕوایە كە لە سێ كتێبی پیرۆزدا پشتڕاستكراوەتەوە، وایكردووە مەسیحییەكان لە سەرانسەری جیهاندا بە “خاكی پیرۆز” ئاماژە بە فەڵەستین بكەن.

مەسیحییەكانی فەڵەستین كۆنترین كۆمەڵگەی مەسیحین لە جیهاندا؛ كە یەكەم كۆمەڵگەبوون بوونەتە مەسیحی؛ ئەمەش جەخت لەسەر رۆڵی مەسیحییە رەسەنەكان دەكاتەوە.

لە 51%ی مەسیحییەكان لەناو خاكی فەڵەستین، ئۆرتۆدۆكسی رۆمانین، 30%ی كاسۆلیكی لاتین، 6% رۆمانی كاسۆلیك، پرۆتستانت لە 5%، ئاشووری 3% و قبتییەكان، حەبەشییەكان، ئەرمەنییەكان و مەزهەبەكانی دیكەی مەسیحی لە2% پێكدەهێنن.

دیمۆگرافیای مەسیحی

پێش دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل لە ساڵی 1948، مەسیحییەكانی فەڵەستین نزیكەی لە 8%ی دانیشتووانیان پێكهێناوە.

ئەم رێژەیە - لەگەڵ كۆچی بەرفراوان و كەمبوونەوەی رێژەی لەدایكبوون لەنێوان مەسیحییەكان، بە بەراورد لەگەڵ موسڵمانان، جووەكان و دروزەكان، وردە وردە دابەزی.

ژمارەی مەسیحییەكانی فەڵەستین، نزیكەی یەك ملیۆنە، بەڵام دوو لەسەر سێی ئەو كەسانە لە دەرەوەی وڵات دەژین، بەتایبەت لە ئەوروپا و ئەمریكا.

نزیكەی 177 هەزار مەسیحی لە ناوچە عەرەبییەكانی هێڵی سەوزن كە لە ژێر كۆنترۆڵی ئیسرائیلدا دەژین، تەنها 50 هەزاريشيان لە ناوچە فەڵەستینییەكان.

زۆربەی مەسیحییەكانی فەڵەستین لە شارەكانی بەیتولموقەدەس، بەیت جەلا، قودس، رامەڵڵا، غەززە، ناسرەت و حەیفا دەژین.

كۆمەڵگەی مەسیحی غەززە

بەگوێرەى خەمڵاندنەكانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2021 ژمارەی دانیشتوانی كەرتی غەززە لە یەك ملیۆن و 800 هەزار كەسەوە بۆ دوو ملیۆن كەس زیادیكردووە.

بەڵام ژمارەی دانیشتوانی مەسیحییەكان لە هەمان ماوەی ساڵدا كەمیكردووە بەهۆی ئاستی بەرزی كۆچكردن و دابەزینی رێژەی لەدایكبوون.

ئێستا 1300 مەسیحی لە غەززە ماوونەتەوە، ئەمەش لە كاتێكدایە پێش ساڵی 2007، ژمارەی مەسیحەكانی كەرتی غەززە بە 3000 كەس مەزەندەكراوە.

ئایینی مەسیحی لە غەززە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی چوارەم و غەززە شوێنی هەندێك لە كۆنترین كڵێساكانی جیهانە.

خانەقای تێل ئوم عامر لە غەززە، كه لە سەدەی چوارەم بونیادنراوە، سەردەمانێك كڵێسا و شوێنی پەرستن بوو بۆ ئەو كەسانەی لە نێوان میسر و خاكەكانی شامدا گەشتیان دەكرد.

گۆڕینی بەكۆمەڵ لە غەززە بۆ ئایینی مەسیحی، لە سەدەی پێنجەمدا لە ژێر چاودێری ئیمپراتۆریەتی بیزەنتین دەستیپێكرد كە جێنشینی ئیمپراتۆریەتی رۆمانی رۆژهەڵات بوو. بەڵام دوای جەنگی جیهانی دووەم و دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل، ژمارەیەكی زۆر لە مەسیحییەكان ناوچەكەیان بەجێهێشت.

بارودۆخی كۆمەڵگەی مەسیحی غەززە لە نێوان دوو بەرداشدا

غەززە كەوتۆتە ژێر گەمارۆی ئیسرائیلەوە، ئەم گەمارۆیە كۆمەڵگەی بچووكی مەسیحی گۆشەگیركردووە، رێگرییان لێدەكات كە بەدوای هاودەنگی لەگەڵ كەنیسەی گەورەتردا بگەڕێن یان گەشت بكەن بۆ شوێنە پیرۆزەكانی دەرەوەی فەڵەستین.

دوای گەمارۆكانی ئیسرائیل بۆ سەر كەرتی غەززە لە ساڵی 2007 ، مەسیحییەكان رووبەرووی سنوورداركردن بوونەتەوە، پێویستیان بە مۆڵەتی ئیسرائیل هەیە بۆ گەشتكردن و بەشداریكردن لە نوێژەكانی جەژنی كریسمس، رێوڕەسمەكانی جەژنی ئیستەر لە قودس.

هاوكات مەسیحییەكان بەهۆی سیاسەتەكانی حەماسەوە، كە لە ساڵی 2007 هاتە سەر دەسەڵات، فشار كەوتۆتە سەریان و زۆرجاریش رووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە.

مەسیحییەكانی غەززە لەسەر بنەمای باوەڕی ئایینی خۆیان بە شێوەیەكی توندتر لە مەسیحییەكانی ئیسرائیل دەكرێنە ئامانج. هەست بە زۆرەملێ دەكەن و وایان لێدەكرێت هەست بە هاوڵاتی پلە دوو بكەن.

پەیمانى عومەر

عومەر كوڕی خەتاب خەلیفەی موسڵمانان، لە كاتی چوونە ناو قودس لە ساڵی 638ی زایینی، بەڵێنی بە قەد سۆفرۆنیۆس دا كە مافی مەسیحییەكان و شوێنی پەرستنەكانیان بپارێزێت، ئەم بەڵێنە گرنگترین پەیمانی نێوان موسڵمانان و مەسیحییەكان بوو لە فەڵەستین.

پەیمانی عومەر یەكسان بوو بە دانپێدانانی موسڵمانان بە شوێنەكانی پەرستنی مەسیحی و موڵك و ماڵ و سەربەخۆیی كەنیسەكان لە بەڕێوەبردنی كاروباری خۆیان، تا ئێستاش لە هەندێك شوێن بە گوێرەی كات رێزی لێدەگیرێت و كاری پێدەكرێت.

خواستی دانیشتووانی مەسیحی بۆ كۆچكردن لە كەرتی غەززە

خواستی مەسیحییەكانی غەززە بۆ كۆچكردن دوو هێندە بەهێزترە لە خواستی موسڵمان، هۆكارە سەرەكییەكانی كۆچی مەسیحییەكانيش پێش هەموو شتێك ئابووری و كۆمەڵایەتین.

لە ساڵی 2020، راپرسییەك كە لەلایەن ناوەندی فەلەستینی بۆ لێكۆڵینەوە لە سیاسەت و راپرسی ئەنجامدرا، دەركەوت لە 36%ی مەسیحییە فەڵەستینییەكان رایانگەیاندووە بیر لە كۆچكردن دەكەنەوە بۆ دەرەوەی وڵات، بەڵام رێژەی ئەو مەسیحیانەی لە كەرتی غەززە دەژین و ئارەزووی رۆشتنیان دەربڕیوە لە 84% بووە.

ئەو قەیرانە دیمۆگرافییەی كە دەیان ساڵ كۆمەڵگەی مەسیحی تووشی بوو ئێستا پەرەیسەندووە.

بە گوێرەی سەرژمێرییەكی دانیشتووان كە لەلایەن نووسینگەی ناوەندی ئاماری فەڵەستینەوە لە ساڵی 2017ەوە ئەنجامدرا، 70 ساڵ لەمەوبەر بەیتولموقەدەس كە شوێنی لەدایكبوونی عیسا مەسیح بوو، 86% مەسیحی بووە.

بەڵام ئیستا دیمۆگرافیای شارەكە لە بنەڕەتدا گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، ریژەكە بە شێوەیەكی زۆر بەرچاو دابەزیوە، بەتایبەتی دوای داگیركردنی كەرتی رۆژئاوا لەلایەن ئیسرائیلەوە لە 1967 و دروستكردنی دیواری ئاپارتایدی ئیسرائیل كە لە ساڵی 2002ەوە دەستیپێكرد.

کەناڵ8

Sat Oct 21 2023