
گۆڤاری (دێر شپیگڵ)ـی ئەڵمانی بڵاویکردەوە، بەرلین بەنیازە هێزەکانی لە هەرێمی کوردستان بکشێنێتەوە و تاکە بنکە سەربازییەکەی دابخات، ئەوەش دوای بڕیاری ئەمریکا دێت بۆ کەمکردنەوەی سیستمی بەرگریی و دوورخستنەوەی سیستمی پاتریۆت لە ناوچەکەدا.
گۆڤاری (دێر شپیگڵ)ـی ئەڵمانی لە بڵاوکردنەوەى هەواڵ و زانیارییەکانیدا پشتى بە ڕاپۆرتێکی لیژنەی بەرگری لە پەرلەمانی ئەڵمانیا بەستووە و ئاماژەی بەوە کردووە، لە ئێستادا نزیکەی 30 سەربازی ئەڵمانی لەو بنکە سەربازییەدان کە دەکەوێتە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر و تا کۆتایی مانگی ئەیلوول دەکشێنەوە.
بەگوێرەى گۆڤارەکە، ئەڵمانیا پێشتر بەهۆی ئەو مەترسییە ئەمنییانەی کە لە ئەنجامی گرژییەکانی پەیوەست بە ئێرانەوە دروست بوون، بەشێوەیەکی بەرچاو ژمارەی هێزەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەمکردووەتەوە.
ئەمریکا بە نیازە تاوەکو کۆتایی مانگی ئەیلوول هێزەکان و سیستمی پاتریۆت لە هەرێمی کوردستان و عێراق بکشێنێتەوە، ئەمەش وا دەکات سەربازانی وڵاتانی هاوپەیمانان مەترسی هێرشی درۆنی و مووشەکیی زیاتریان لەسەر بێت، هەر بۆیە ئەڵمانیا سەربازەکانی دەکشێنێتەوە و ژمارەیەک کەم لە سەرباز و ڕاوێژکاران لە باڵیۆزخانەکەی لە هەولێر دەهێڵێتەوە بۆ مەشقپێکردنی هێزەکانی پێشمەرگە.