
پێشانگایەکی تایبەت بە کتێبی کوردی لە شاری هەولێر کرایەوە و بڕیارە بۆ ماوەی هەفتەیەک دەرگای بەڕووی خوێنەراندا کراوە بێت.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ کاتژمێر 10:00، پێشانگای کتێبی کوردی لە شاری هەولێر کرایەوە. بەپێی پلانی ڕێکخەرانی پێشانگاکە، چالاکییەکان تاوەکو ڕۆژی 10ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبن و پێشوازی لە سەردانیکەران دەکرێت.
خاوەنی ناوەندی ڕۆشنبیری ئاشتی لە هەولێر ڕایگەیاند، زیاتر لە 100 ناوەندی چاپ و وەشاندن لە هەموو پارچەکانی کوردستانەوە بەشدارییان لە پێشانگاکەدا کردووە. لەم خولەدا، زیاتر لە 800 ناونیشانی نوێی کتێب نمایشکراون کە تەواوی بابەتەکان بە زمانی کوردین.
ڕێکخەرانی پێشانگاکە ئاماژەیان بەوەکرد، بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەوە نەکرا لە مانگی نیسانی ڕابردوودا پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب بکرێتەوە، هەربۆیە ئەم پێشانگایە وەک جێگرەوەیەک ڕێکخراوە. پێشبینی دەکرێت لە بەیانییەوە کە ڕۆژی هەینییە، ژمارەیەکی زۆری خوێنەر لە تەواوی هەرێمی کوردستانەوە سەردانی پێشانگاکە بکەن.