
سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی لە وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا هەڵوێستی وڵاتەکەی لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی گەل لە سووریا بۆ کەناڵ8 ئاشکراکرد و رایگەیاند، پشتیوانیی پرۆسەی دەستاودەستی دەسەڵات لە سووریا دەکەن، بەجۆرێک نوێنەرایەتیی هەموو پێکهاتەکان بکات بەبێ جیاوازیی جێندەری و تایفی و ئاینی.
سەرچاوەکە ئەوەشی بۆ کەناڵ8 ئاشکراکرد، تەنیا بە بەشداریکردنی هەموو پێکهاتەکان دەتوانرێت یەکگرتوویی، ئاسایش و سەروەریی خاکی سووریا بپارێزرێت و هەڵوێستی پاریس لەوبارەیەوە نەگۆڕە.
دەشڵێت، پابەندن بەو بەڵێنانەی لە کۆنفرانسی مانگی شوباتی ئەمساڵ بە بەرپرسانی سووریایانداوە و هاوکاریان دەبن بۆ گێڕانەوەی سەقامگیری بۆ ئەو وڵاتە.
وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا ئەوەشی بە کەناڵ8 راگەیاند، لەگەڵ هاوبەشە ئەمریکییەکانیان و دەسەڵاتدارانی قۆناغی راگوزەری سووریا بەردەوامدەبن لە گفتوگۆ بۆ جێبەجێکردنی خاڵەکانی رێککەوتنی 10ـی ئازار بۆ پێکەوەبەستنەوەی ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بە پرۆسەی سیاسیی نیشتمانییەوە لە دیمەشق.
ئەوە لە کاتێکدایە، ئەسعەد شەیبانی، وەزیرى دەرەوەی سووریا رایگەیاند، حکومەتی وڵاتەکەی نەخشەڕێگەیەکی بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی سوەیدا داناوە و لەلایەن ئوردن و ئەمریکاوە پاڵپشتیی دەکرێت.
وەزیرى دەرەوەی سووریا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی، "بەگوێرەى نەخشە رێگەکە سەرجەم ئەو کەسانەی تێوەگلاون، لە دەستدرێژکردنەسەر هاوڵاتییانی سڤیل، سزادەدرێن و کار بۆ گەڕانەوەی ئاوارە و ئازادکردنی دەستگیرکراوەکان دەکەن".



.jpg)

.jpg)