
کەشناسی ئەوە دەخاتەڕوو لە 48 کاتژمێری داهاتوودا گۆڕانکاری بەسەر کەشوهەوای ناوچەکەدا دێت و شەپۆلی گەرما پاشەکشە دەکات. بەپێی خشتەی داتاکان، پلەکانی گەرما بەراورد بە دوێنێ نزمبوونەوەی بەرچاو بەخۆیانەوە دەبینن و مەودای بینینیش لە نێوان 8 بۆ 10 کیلۆمەتردا کراوە دەبێت، هاوکات ئاڕاستەی با لە باکووری خۆرئاواوە چالاک دەبێت.
پێشبینی دەکرێت بۆ سبەی هەینی، ئاسمانی ناوچەکان لەنێوان ساماڵ و پەڵەهەوردا بێت، خێرایی با بەراورد بە ئەمڕۆ کەمێک چالاکتر دەبێت و دەگاتە 10 بۆ 20 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا بە هەمان ئاڕاستەی باکووری خۆرئاوا. پلەکانی گەرما گۆڕانکاری ئەوتۆیان بەسەردا نایەت و لە تۆمارەکانی ئەمڕۆوە نزیک دەبن، بە جۆرێک لە هەولێر 37، سلێمانی 35، دهۆک 35، هەڵەبجە 37، چەمچەماڵ 36، زاخۆ 35، ئاکرێ 37، گەرمیان 40، حاجی ئۆمەران 29، و سۆران 36 پلەی سیلیزی دەبێت.
دابەزینی پلەکانی گەرما لە کۆتاییەکانی مانگی ئەیلوولدا، هاوکاتە لەگەڵ کشانەوەی بارستە هەوا گەرمەکان لەسەر ناوچەکە و دەستپێکی گۆڕانکارییە وەرزییەکان بەرەو پاییز، ئەمەش دەبێتە هۆی فێنکبوونی بەرچاوی کەشوهەوا بەتایبەت لە شەوان و لە ناوچە شاخاوییەکاندا.