
کەرتی نەوتی عێراق لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا بە چەندین هەڵکشان و داڕمانی گەورەدا تێپەڕیوە و ئاستی بەرهەمهێنان لە 10 هەزار بەرمیلەوە بۆ لوتکەی 4.5 ملیۆن بەرمیل ڕۆژانە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە. سەرەڕای پاشەکشەی توندی ئەمساڵ بەهۆی جەنگی هەرێمی و کشانەوەی کۆمپانیا بیانییەکان، بەرهەمهێنانی نەوت لە کۆتایی ئەیلوولدا بۆ 3 ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە بەرزبووەتەوە.
داتاکان دەریدەخەن کە جەنگە یەک لەدوای یەکەکان هەمیشە هۆکاری سەرەکیی داڕمانی بەرهەمهێنانی نەوت بوون؛ لە جەنگی ئێران-عێراق لەنێوان 1981 بۆ 1985 ئاستی بەرهەمهێنان بۆ 900 هەزار بەرمیل دابەزی، دواتریش بەهۆی جەنگی کەنداو لە ساڵی 1991 گەیشتە نزمترین ئاستی مێژوویی بە 300 هەزار بەرمیل. هەروەها پەلامارەکانی داعش لە ساڵی 2014دا بەرهەمی عێراقی بۆ 2.8 ملیۆن بەرمیل کەمکردەوە. لە ساڵی 2026ـیشدا بەهۆی جەنگی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران و کشانەوەی کۆمپانیا بیانییەکان، بەرهەمهێنانی ڕۆژانە لە 4.3 ملیۆن بەرمیلەوە بۆ خوار 2 ملیۆن بەرمیل لە نێوان مانگەکانی شوبات و حوزەیراندا دابەزی بەر لەوەی دەست بە بووژانەوە بکات.
مێژووی پیشەسازیی نەوتی عێراق بە فەرمی لە ساڵی 1927 بە دۆزینەوەی یەکەمین بیری نەوت لە باباگوڕگوڕ دەستیپێکرد، کە عێراقی خستە ناو ڕیزبەندی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت لە جیهاندا. لە ساڵی 1972 پرۆسەی خۆماڵیکردنی نەوت ئەنجامدرا و کۆنتڕۆڵی کێڵگەکان لە دەستی کۆمپانیا بیانییەکان دەرهێنرا و ڕادەستی کەرتی گشتی کرا.
دوای ساڵی 2003 و هەڵگرتنی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، عێراق لە ڕێگەی چەندین گەڕی مۆڵەتدانەوە کەرتی نەوتی بەڕووی کۆمپانیا جیهانییەکاندا کردەوە بۆ پەرەپێدانی کێڵگە گەورەکانی باشوور، ئەمەش وایکرد عێراق ببێتە دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری ڕێکخراوی ئۆپێک لە دوای عەرەبستانی سعوودیە.
عەلى زەیدى: بەرهەمهێنانى نەوت دەگەیێنینە 10 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا
وەزیرانی نەوت و دارایی بۆ دیاریکردنی نرخی بەرمیلێک نەوت لە بودجەی 2027دا کۆبوونەوە