
لەسەر ئەرکی نووسینگەی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، گۆڕانکاری لە ڕێڕەوی ڕاییکردنی مامەڵەکانی کارتی نیشتمانیدا لە سلێمانی کرا، بە شێوازێک کە بۆ کەمکردنەوەی ڕۆتین، مامەڵەکان ڕاستەوخۆ ڕەوانەی بەغداد دەکرێن. هاوکات بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی ڕایگەیاند کە بۆ دەرهێنانی پاسپۆرت، پێویستە هاونیشتمانیانی دەرەوەی وڵات کارتی نیشتمانییان هەبێت و پرۆسەکەش پێویستی بە 15 ڕۆژ هەیە.
لە پارێزگای سلێمانی و لەپێناو کەمکردنەوەی ڕۆتین، لەسەر ئەرکی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، لەمەودوا بۆ دەرهێنانی کارتی نیشتمانی مامەڵەکان ناچنەوە بۆ وەزارەتی ناوخۆ و ڕاستەوخۆ لە سلێمانییەوە دەبرێنە بەغداد.
عەمید سالار، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند "ئەو هاونیشتمانییانەی کە لە دەرەوەی وڵات بۆ دەرهێنانی پاسپۆرتی عێراقی و کارتی نیشتمانی دەگەڕێنەوە، دەبێت هاتنەوەکەیان لە 15 ڕۆژ زیاتر بێت، چونکە بەبێ کارتی نیشتمانی، ناتوانین پاسپۆرتی عێراقییان پێبدەین و دەڵێت، پرۆسەکە 15 ڕۆژی پێویستە.
بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی گوتشی، "لەپێناو بەرژەوەندیی هاونیشتمانی و لەسەر ئەرکی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، لەمەودوا ڕاستەوخۆ مامەڵەکان لە سلێمانییەوە دەنێردرێن بۆ وەزارەتی ناوخۆی عێراق و ناچنەوە هەولێر".