
سەرەڕای ئەوەی حکومەتی ئێران بەتۆمەتی ئەنجامدانی چالاکی و پڕوپاگەندە دژی سیستم، ماوەی ساڵێک زیندانیکردنی بەسەردا سەپاندووە، جەعفەر پەناهی، دەرهێنەری سینەمایی ئێران دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکەی.
پەناهی سینەماکار و دەرهێنەری جیهانی، خاوەنی خەڵاتی چڵە خورمای ئاڵتوونیی فێستیڤاڵی کان-ە و دەڵێت، دوای گەشتەکەی ئەمدواییەی بۆ وڵاتانی دەرەوە، دەچێتەوە بۆ تاران.
دەرهێنەری فیلمی "تەنیا رووداوێک بوو" لە پەراوێزی فێستیڤاڵی سینەمایی نێودەوڵەتیی مەراکیش گوتی، سەرەڕای ئەوەی چەندین هەلی بۆ هەڵکەوتووە، بەڵام هەرگیز بیری لەوە نەکردووەتەوە ببێتە پەناهەندە و لە وڵاتێکی دیکە بژى.
جەعفەر پەناهی بۆ گۆڤاری فارایتی قسەیکردووە و دەڵێت، من تەنیا یەک پاسپۆرتم هەیە، ئەویش پاسپۆرتی وڵاتەکەمە و دەمەوێت پارێزگاریی لێبکەم.
سزاکەی سەر پەناهی بەجۆرێکە، سەرەڕای بەندکردن، دوای ئازادکردنی بۆی نییە تاوەکو 2 ساڵ گەشت بکات و تێکەڵی هیچ گرووپ و ڕێکخراوێک ببێت.
جەعفەر پەناهی تەمەن 65 ساڵ، کە خاوەنی خەڵاتی ورچی ئاڵتوونیی ساڵی 2015ـی فێستیڤاڵی بەرلینیشە بەهۆی فیلمی تاکسی تارانەوە، ساڵی 2010 حوکمدراوە بە بەندکردن، دوای 86 ڕۆژ ئازادکراوە و ماوەی 7 مانگ لەنێوان ساڵانی 2022 و 2023دا ژیانی لە زیندان بەسەربردووە و پاش ئەوەی مانی لە خواردن گرت، ئازادکرا.
پەناهی کەسایەتییەکی دیاری سینەمای ئێرانە، پێشتریش بۆ ماوەی 15 ساڵ قەدەغەی گەشتی لەسەربوو، تاوەکو دواتر بۆ بەشداریکردن لە فێستیڤاڵی کان مۆڵەتی پێدرا گەشت بکات.
دوایین فیلمی جەعفەر پەناهی، کە بە نهێنی وێنەی بۆ گیراوە، باس لە چیرۆکی پێنج ئێرانی دەکات کە قوربانیی دەستی تووندوتیژیی و زوڵم و زۆری دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیین.
ئێستا جەعفەر پەناهی، بۆ نمایشی فێلمێکی خۆى لە فەڕەنسایە و وەک نوێنەری فەڕەنسا دەیەوێت بەشداریی ئۆسکار بکات، ئاشکرایکردووە، کە دەیەوێت دوای ئەم گەشتەی بەزوویی بگەڕێتەوە بۆ ئێران.
جەعفەر پەناهی کە چەندین خەڵاتی لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکاندا وەرگرتووە، بەوە دەناسرێتهوه کە لە فیلمەکانیدا جیاوازیی نێوان چینهكانی کۆمەڵگەی ئێران بەشێوەیەکی سەنجڕاکێش باس دەکات.