
لە کاتێکدا نرخی زێڕ لە بازاڕە جیهانییەکاندا بەرەو خانەی 4200 دۆلار پاشەکشە دەکات، لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار، نرخی زێڕ ئاڕاستەیەکی پێچەوانەی گرتووە و گران بووە.
ئەمڕۆ لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکاندا، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ لە جیهاندا بۆ 4310 دۆلار دابەزی، لە کاتێکدا ڕۆژی هەینی بە 4328 دۆلار بوو. بەڵام لە هەرێمی کوردستان، نرخی هەر مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بڕی 5000 دینار بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 939,600 دینار؛ ئەمەش بۆ دابەزینی بەهای دینار دەگەڕێتەوە، کە نرخی 100 دۆلار لە 153,800 دینارەوە بۆ 154,600 دینار بەرزبووەتەوە.
چاوەڕوان دەکرێت لە ڕۆژانی 16 و 17ی ئەم مانگەدا، کیڤن وارش، سەرۆکی یەدەگی فیدراڵی ئەمریکا، بڕیاری نوێ لەسەر ڕێژەی سوودی بانکی بدات. هەروەها بڵاوبوونەوەی داتاکانی هەڵاوسان (CPI) لە ڕۆژی 10ی مانگدا، دەبێتە پێوەرێکی سەرەکی بۆ جووڵەی بازاڕ. ئەگەر هەڵاوسان بەرز بێت، بانکی ناوەندی ناچار دەبێت ڕێژەی سوود بە بەرزی بهێڵێتەوە، کە ئەمەش بە زیانی نرخی زێڕ دەشکێتەوە.
بەردەوامیی جەنگ و داخستنی گەرووی هورمز، کە هاتوچۆی کەشتییە نەوتییەکانی پەکخستووە، وایکردووە نرخی وزە بە بەرزی بمێنێتەوە. شارەزایان پێیان وایە بۆ ئەوەی زێڕ جارێکی دیکە ببوژێتەوە، پێویستی بە دابەزینی نرخی نەوت هەیە. هاوکات بەرزبوونەوەی ئیندێکسی دۆلار و سوودی قەواڵە داراییەکانی ئەمریکا، ڕێگرن لەبەردەم هەر بەرزبوونەوەیەکی نرخی زێڕ.
ڕۆنا ئۆکۆنێل، سەرۆکی شیکاری بازاڕەکان لە کۆمپانیای ستۆن ئێکس گرووپ، ئاماژە بەوە دەکات کە دۆخە ئابوورییەکە بەرەو دابەزینی زیاتری نرخی زێڕ دەڕوات. بەڵام ناوبراو هۆشداری دەدات کە وەبەرهێنەران دەبێت ئەم دابەزینە وەک "دەرفەتێکی کڕین" ببینن و سوودی لێ وەربگرن بۆ داهاتوو.
لە ئێستادا نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی ناوخۆ بەم شێوەیەیە:


.jpg)