
پووختەی هەواڵەکە:
پاشەکشەی دراوی نیشتمانیی ئێران ئاستێکی نوێی تۆمارکردووە و بەهای 100 دۆلار 25 ملیۆن و 400 هەزار تمەنی تێپەڕاندووە، لە کاتێکدا توندبوونەوەی گەمارۆ دەریاییەکانی واشنتن و مەترسیی سەربازی بازاڕی دراوی ئەو وڵاتەی تووشی شڵەژان کردووە.
دابەزینی بەهای تمەن پەیوەستە بە هەنگاوەکانی هەفتەی ڕابردووی ئەمریکا بۆ توندکردنەوەی گەمارۆی دەریایی و ڕێگریکردن لە هەناردەی نەوتی ئێران کە بووەتە هۆی پچڕانی کەناڵەکانی گواستنەوەی داهاتی نەوت بۆ ناو وڵات؛ بەڵام لە بەرامبەر ئەم فشارە دەرەکییانەدا، بەرپرسانی حکومەتی ئێران بازرگانانی بازاڕی نائاسایی بە هۆکاری شێواندنی سیستەمی ئاڵۆگۆڕی دراو تۆمەتبار دەکەن و ڕێوشوێنیان دژ بە مامەڵەکارانی دراو گرتووەتەبەر.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەردەوامیی دۆخی نادیاری نێوان جەنگ و ئاشتی لەگەڵ ئەمریکا، وایکردووە هاووڵاتییانی ئێران بۆ پاراستنی بەهای سامانی ڕۆژانەیان لە هەڵئاوسان، بە شێوەیەکی فراوان ڕوو لە کڕینی دراوی بیانی و زێڕ بکەن؛ بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە کاتێکدایە کە دوێنێ نرخی 100 دۆلار بە 24 ملیۆن و 200 هەزار تمەن مامەڵەی پێوەدەکرا، بەڵام نەبوونی دراوی بیانی لە بانکەکاندا بازاڕی دراوی بەرەو قۆناغێکی نوێی ناسەقامگیری بردووە.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ:


.jpg)