
وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕایگەیاند، ئاوات شێخ جەناب وەزیرى دارایى پێش ئەوەى دەستلەکارکێشانەوەکەى واژۆ بکات، سەرجەم کارەکانى تاوەکو کۆتایى مانگى ئەیلوول تەواو کردووە، لە نێویاندا لیستى مووچە.
وەزارەتى دارایى لە ڕوونکردنەوەکەدا دەڵێت "جەنابی وەزیر جەخت لەسەر هەڵوێستەکەی دەکاتەوە و لەسەر دەستلەکارکێشانەوەکەی سوورە و هیچ کارێکی دیکەی فەرمیی دوای 29ـی ئەیلوول لەو پۆستەدا نەکردووە و ناشیکات.
چەند سەرچاوەیەک لە حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان بۆ کەناڵ8 پشتڕاستیان کردەوە، کە ئاوات شێخ جەناب دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەشکردووە.
هەفتەى ڕابردوو کەناڵ8 بڵاویکردەوە، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان، دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستەکەی پێشکەش کرد، ئەوەش وەک هەڵوێستوەرگرتن لە بەرامبەر دەستگیرکردنی بەڕێوەبەری خانووبەرەی میریی سلێمانی.
ئەوکات کەناڵ8 بەدواداچوونی کرد بۆ هۆکارەکەی، سەرچاوەکان لەناو حکومەت دەڵێن، هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەکە دەستگیرکردنی بەڕێوەبەری گشتیی خانووبەرەی میریی سلێمانیی بووە، کە لە پشکی بزووتنەوەی گۆڕان لەو پۆستەدایە.
ئاسۆ قادر، بەڕێوەبەری گشتیی خانووبەرەی میریی سلێمانی لەسەر پشکی بزووتنەوەی گۆڕان، کە هەر لەلایەن ئاوات شێخ جەنابەوە لەو پۆستەدا دانراوە، حەوت دۆسیەی گەندەڵی لەسەرە بە تۆمەتی جیاواز. لەوانە گەندەڵی ئیداری و دارایی، بەکارهێنانی پۆستەکەی بۆ بابەتی کەسی و هەروەها کاری نایاسایی، ئەم دۆسیەی گەندەڵییانەش لەلایەن دادگای دەستپاکییەوە تۆمارکراون و جووڵێنراون و دوای گرتنەبەری ڕێوشوێنە یاساییەکان، دەستگیرکراوە بە بڕیاری دادگای دەستپاکی و ئێستا لەژێر لێکۆڵینەوەدایە.
بەگوێرەى زانیارییەکانی کەناڵ8 لەو ماوەیەی ڕێکارە یاساییەکان لە بەرامبەر ئاسۆ قادر گیراونەتەبەر، ئاوات شێخ جەناب لە هەوڵدا بووە دەستگیر نەکرێت، دوای دەستگیرکردنیشی هەوڵی داوە ئازاد بکرێت، بەڵام هەوڵەکانی بێ ئەنجام بوون، چونکە دۆسیەکە بە تەواوی لەژێر جڵەوی دادگای دەستپاکی و ڕێکارە یاساییەکاندا بووە و هەموو دەستوەردانێک تێیدا ڕەتکراوەتەوە، بۆیە لەبەرامبەر ئەوەدا، ئاوات شێخ جەناب دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەش کردووە.
ئاوات شێخ جەناب، لە 10ـى تەمموزی 2019ـەوە، لەسەر پشکی بزووتنەوەی گۆڕان لە کابینەی نۆیەمى حکومەتی ھەرێمی کوردستان وەزیری دارایی و ئابوورییە.
لە یەکى تشرینى یەکەمدا، ئاوات شێخ جەناب، لە ڕوونکردنەوەیەکدا لەبارەی دەستلەکارکێشانەوەکەی گوتى "ئامادەین بۆ دادگاییەکی بێلایەن".
ڕوونکردنەوەیەک لە ئاوات شێخ جەنابەوە لەبارەی دەستلەکارکێشانەوەی



