سەرباری دڵنیاییەکانی حکومەت بەڵام هەرچۆنێک بێت کاریگەری لەسەر نرخی شمەک و کاڵا و تەنانەت خزمەگوزارییەکانیش دادەنێت، هۆکارەکەشی بە سانایی ئەوەیە کە هاوردە لە 90٪ـی خواستی 46 ملیۆن بەکارهێنەری عێراقی پڕدەکاتەوە.
مێژووی دەستکارییکردنی فەرمی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار لە دوای ساڵی 2003ـەوە، زیاتر پەیوەست بووە بە قەیرانە داراییەکان و دۆخی تەمومژاوی بازاڕی نەوتەوە.
نرخی فەرمی 100 دۆلار لە 118 هەزار دینارەوە بە شێوەیەکی کتوپڕ بەرزکرایەوە بۆ 145 هەزار دینار ئەوەش بەهۆی دابەزینی مێژوویی نرخی نەوت بوو بەهۆی پەتای کۆرۆناوە، کە حکومەتی مستەفا کازمی ناچار بوو بۆ دابینکردنی مووچە بەهای دینار دابەزێنێت.
دوای گۆڕانی حکومەت و هاتنەسەرکاری محەمەد شیاع سودانی، بڕیاردرا نرخی فەرمی 100 دۆلار لە 145 هەزارەوە دابەزێنرێت بۆ 132 هەزار دینار.
ئەم هەنگاوە وەک بەڵێنێکی سیاسی و بۆ سووککردنی بارگرانی سەر شانی خەڵک نرا، دوای ئەوەی نرخی دۆلار لە بازاڕی ڕەشدا بەهۆی سزاکانی گەنجینەی ئەمریکا و سیستمی سەکۆی ئەلیکترۆنی (المنصة) بەرز ببووەوە. حکومەت ویستی بازاڕ کۆنترۆڵ بکات، بەڵام ئەم نرخە تەنها لەسەر کاغەز مایەوە و بازاڕی ئازاد هەر بە بەرزی مایەوە.
لە بڕیارێکی کتوپڕدا لە تشرینی یەکەمی 2026، ئەنجومەنی وەزیران نرخی فەرمی گۆڕی و کڕینی 100 دۆلاری لە وەزارەتی دارایی بە 150 هەزار و فرۆشتنی بە هاوڵاتیان بە 152 هەزار دینار جێگیر کرد.
ئەم بڕیارە وەک ڕووبەڕووبوونەوەیەک بوو لە دژی کێشەکانی هەناردەی نەوت بەهۆی گرژییەکانی ناوچەکە و پڕکردنەوەی کورتهێنانی توندی بودجە.
بۆ فریاکەوتنی دینار؛ پەرلەمانی عێراق کارنامەکەی گۆڕی و بەرپرسانی باڵای دارایی بانگێشت دەکات


.jpg)