ئەو دوو عێراقییە هێرشەکەیان بە ناوى گرووپێکى چەکدارى نزیک لە ئێران ئەنجامداوە.
هەردوو هاوڵاتییە عێراقییەکە لە ڕۆژئاواى ئەڵمانیا دەستگیرکراون.
دوو کەسەکە کە بە ناوەکانی مستەفا ئەل-ڕ. و ئەمیر ج. ئاماژەیان پێ کراوە، دوا بەدوای یەک لە شارەکانی هایدلبێرگ و کۆڵن لە ڕۆژئاوای ئەڵمانیا دەستبەسەرکراون، ئەوەش لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدا کە پشکنینی 17 شوێنی جیاوازی لە چەند ناوچەیەک گرتەوە.
مستەفا ئەل-ڕ. پەیوەندی و ناسیاوی لەگەڵ محەمەد سەعدی هەیە، کە ئێستا لە ئەمریکا بە تۆمەتی تیرۆر دادگایی دەکرێت.
سەعدی یەکێکە لە کەسایەتییە دیارەکانی گرووپێک بە ناوی بزووتنەوەی ئەسحابولـیەمینی ئیسلامی.
کە دوای هەڵگیرسانی جەنگی ئێران لەمساڵدا دەرکەوت.
گومان دەکرێت ئەو گرووپە لە مانگی ئازاری 2026ـەوە لە پشت چەند هێرشێکەوە بووبێت کە دامەزراوە ئەمریکی، ئیسرائیلی و جووەکانیان لە ئەورووپا کردووەتە ئامانج.
سەعدی و مستەفا ئەل-ڕ. تۆمەتبار کراون بەوەی لە کۆتایی ساڵی 2025ـدا ڕێکخراوێکی دیکەیان دامەزراندووە کە ئەمیر ج. ـیش ئەندامی بووە.
بە مەبەستی کۆکردنەوەی دارایی و ڕاکێشانی ئەندام بۆ ئەنجامدانی هێرش لە ئەڵمانیا و ناوچەکانی دیکەی ئەورووپا.
بە ناوی ئەو ڕێکخراوەوە، چەند کەسێکی نەناسراو لە کۆتایی مانگی ئازاری 2026ـدا و لە دوو شەوی یەک لە دوای یەکدا، سەردانی پەرستگای جووەکانیان لە شاری کۆڵن و شارێکی دیکەی ئەورووپا کردووە.
پێدەچێت ماددەی تەقەمەنییان پێبووبێت، هێرشەکان ئەنجام نەدراون، بە هۆکارگەلێک کە هێشتا بە ڕوونی دیار نین.
مانگی ڕابردووش، دادگایەکی شاری هامبۆرگ سزای زیندانیکردنی بەسەر دوو پیاودا سەپاند، بە تۆمەتی پلاندانان بۆ هێرشکردنە سەر کەسایەتییە دیارەکانی نزیک لە ئیسرائیل و چاودێریکردنی جووەکان بۆ بەرژەوەندیی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئێران.
